ژنە موسڵمانێک دەبێتە ڕکابەری پوتین بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ڕووسیا

دوو شەممە, 01 کانونی دووەم 2018 07:01

 

ژنە موسڵمانێک لە کۆماری داغستان بڕیاری داوە ببێتە ڕکابەری ڤلادیمیر پوتین لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی ڕووسیا.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە کەناڵی جزیرە، ئاینا گامازاتووا تەمەن ٤٦ ساڵە و دانیشتووی کۆماری داغستان ڕایگەیاند کە بڕیاری داوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ڕووسیا لە مانگی مارسی ٢٠١٨ کاندید ببێت و ببێتە ڕکابەری سەرۆکی ئێستای ئەم وڵاتە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە بە هەزاران کەس لە لایەنگرانی ناوبراو ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە پایتەختی کۆماری داغستان گردبوونەوە و پاڵپشتی خۆیان لەم بڕیارە ڕاگەیاند.
گامازاتووا دوو ڕۆژ پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەم بڕیارەی خۆیی ئاشکرا کردبوو.
ناوبراو لە ئێستادا بەرپرسی گەورەترین میدیای ئیسلامی ڕووسیایە و خاوەنی چەندین کتێبە سەبارەت بە ئیسلام و دەزگایەکی خێرخوازیش بەڕێوە دەبات.
پوتین بۆ چوارەمین جار بووەتە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری ڕووسیا و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتەش شیاوبوونی پەسەند کردووە.