نوێترین زانیاری له‌باره‌ی قاسم سلێمانیه‌وه‌

دوو شەممە, 01 کانونی دووەم 2018 15:46

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لە هەواڵێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتۆن گڵۆپی سەوزی بۆ تەلئەبیب هەڵکردووە تا قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بکوژێت.

 

رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی ئەمڕۆ دووشەممه 2018/1/1 لە زاری رۆژنامەی (ئەلجەریدە)ی کوێتییەوە هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە کە بەو پێیە ئەمریکاو ئیسرائیل هاوڕان لەسەر ئەوەی کە سلێمانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولایە لەناوچەکەدا. 

رۆژنامەکە، کە بە زمانحاڵی ئیسرائیل دەناسرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە ئەو رێکەوتنەی ئیسرائیل و ئەمریکا دوای سێ ساڵ دێت لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ کوشتنی ناوبراو لەلایەن خودی ئەمریکاوە.

هەروەک ئەوەشی ئاشکراکردووە کە سێ ساڵ لەمەوبەر ئیسرائیل هێندەی نەمابوو جەنەراڵ قاسم سلێمانی لە دیمەشق بکوژێت، بەڵام ئەمریکا هەوڵەکەی پووچەڵکردەوە.