ئەمریكا بۆ توركیا : مەنبەج چۆڵ ناكەین

چوار شەممە, 31 کانونی دووەم 2018 06:37

 

 


فەرماندەی هێزی ناوەندی ئەمریكا ڕایگەیاند، سەرەڕای هەڕەشەكانی توركیا، وڵاتەكەی نایەوێ هێزەكانی لە شاری مەنبەجی سوریا بكشێنێتەوە.
كەناڵی CNN لەزاری ژەنەڕاڵ (جۆزێف ڤۆتێل) فەرماندەی هێزی ناوەندی ئەمریكا ڕایگەیاند، سەرەڕای هۆشدارییەكانی توركیا، واشنتۆن نایەوێ هێزەكانی لە شاری مەنبەجی سوریا بكشێنێتەوە، فەرماندەی هێزی ناوەندی ئەمریكا وتیشی: هێزەكانی ئەمریكی لەو شارە ناچنە دەرەوە.

لێدوانەكەی ئەو گەورە بەرپرسە سەربازییە ئەمریكییە لە كاتێكدایە كە (مەولود چاوش ئۆغڵۆ) وەزیری دەرەوەی توركیا ماوەیەك لەوە پێش ڕایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنی ئێستای سوپای ئەو وڵاتە تەنیا بە شاری عەفرین كۆتایی نایەت و سوپای توركیا مومكینە بەرەو مەنبەج و هەروەها بەرەو پارێزگای حەلەب پێشڕەوی بكات.

شایانی باسە سوپای توركیا لەهەفتەی رابردوەوە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە دژی كوردەكانی باكووری سوریا لە ژێر ناوی (چڵی زەیتوون) دەست پێكردووە كە بە پێچەوانەی هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان و بەبێ مۆڵەتی دەوڵەتی یاسایی سوریایە.

ئەوە لە كاتێكدایە كە سوریا پێشتر سەبارەت بە پێشێلكرانی هەرێمی ئاسمانی و تەواوەتی سەرزەوی وڵاتەكەی لەلایەن توركیاوە هۆشداری دابوو و ئەو هەڵمەتەی توركیای بە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتەكەی وەسف كردووە.

 

ئـ . كـ