رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی: نزیكەی ٩٠ كۆچبەر لەسنوورە ئاوییەكانی لیبیادا خنكان

شەممە, 03 شوبات 2018 11:55

 


رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێك لەسنوورە ئاوییەكانی لیبیا نزیكەی ٩٠ كۆچبەر گیانیان لەدەستدا كە زۆربەیان پاكستانین.

 


ئۆلیڤیا هیادۆن وتەبێژی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی نووسینگەی جنێڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و رایگەیاند: لەئەنجامی هەڵگرتنی ژمارەیەكی زیاد لەڕێژەی كۆچبەران، بەلەمێك لە سنووری ئاوی زووارە كە دەكەوێتە رۆژئاوای لیبیا، وەرگەڕاوە.

 

هەروەها ووتیشی: بەپێی زانیارییەكانی نووسینگەی لیبیای رێكخراوەكەیان لە ئاكامی ئەو رووداوەدا لانی كەم٩٠ كەس خنكاون.

 


هیادۆن ئاماژەی بەوە دا كە تەرمی ١٠ لە كۆچبەرەكان شەپۆلەكانی ئاو بردوونیەتە كەناراوەكان، ئەوەی خستەڕوو:" بەپێی زانیارییەكان دووان لەوانە لیبین و هەشتەكەی دیكەیشیان پاكستانین و یەكەكانی ئاسایشی كەناراوەكانی لیبیا بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ گەڕان و دۆزینەوە و رزگاركردنی كۆچبەرەكانی دیكە".

 

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد: زۆربەی كۆچبەران هاووڵاتی پاكستانین و دوو كۆچبەری ناو بەلەمەكە بەمەلەم خۆیان رزگاركردووە و گەیشتوونەتە كەنار و كۆچبەرێكی دیكەش لە لایەن بەمەلێكی راوەماسییەوە رزگاركراوە.

 


وتەبێژی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ووتیشی: ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لەمساڵدا لەدەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە ٢٤٦ كەس و شەش هەزار و ٦٢٤ كەسیش توانیوویانە بگەنە ئەورووپا.

 

 

 

 

 

س ب