وەزیری دەرەوەی توركیا باسی پەلاماری سەر عەفرین ناكات

سێ شەممە, 06 شوبات 2018 05:52

 

 

وەزیری دەرەوەی توركیا ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی كەنداو گرت و وتی: ئەم وڵاتانە هەوڵ دەدەن قەتەرو توركیا ناشرین بكەن.

(مەولود چاوش ئۆغڵۆ) وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ كەناڵی جەزیرە وتی: هەوڵی ئەم وڵاتانە بۆ گەمارۆدانی قەتەر كارێكی زۆر قێزەونە، چۆن وڵاتی براو دراوسێی خۆیان بەو شێوەیە گەمارۆ دەدەن.

ئۆغڵۆ هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كە سۆماڵیش یەكێكی دیكە لەم وڵاتانەیە كە هەوڵ دەدرێت بە گەمارۆ لە توركیای دوور بخەنەوە، بەڵام سۆماڵ خۆڕاگری دەكەن و ورەیان بەرزە.

وتیشی: ئێمە هەر لە سەرەتای قەیرانی قەتەرەوە هەوڵماندا تاكوو ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، یەكێك لە كەسە نزیكەكانی (موحەمەد بن سەلـمان) كە لۆبی ئەمریكاش دەكات، ڕایگەیاند كە كەسێكی قەتەری بە دەستی سەربازەكانی توركیا كوژراوە. ئەو بەم كارە دەیەویست لە نێوان دەوحەو ئەنقەرە پیلانگێری بكات كە سەركەوتوو نەبوو.

شایانی باسە كە توركیا ماوەی سێ‌ هەفتەیە هێرشی كردۆتە سەر كانتۆنی عەفرین و ئێستاش شەڕێكی سەخت لەئارادایە، بەڵام وەزیری دەرەوەی توركیا ئامادە نەبوو هیچ ئاماژەیەك بەم هێرشە بكات.

 

ئـ . كـ