ئیسرائیل یاریكەری ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا دەكات

دوو شەممە, 12 شوبات 2018 06:00

 

گەورە بەرپرسێكی ئیسرائیل رایگەیاند، لە حاڵی ئێستادا ئەمریكا یاریزانی سەرەكی نییە لەناوچەكە، بەڵكو رووسیا جێگەی گرتۆتەوە.

(مایكل ئۆرن) جێگری سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ كاروباری دیبلۆماتی بۆ ئاژانسی بلۆم بێرگ رایگەیاندووە، رووسیا كارتی سوریاو ئێران لەناوچەكە جوڵە پێدەكات و ئێستا جێگەی ئەمریكای گرتۆتەوە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوبراو باسی لەوەشكردووە، كە پێشتر ئەمریكا پشتیوانی بۆ ئیسرائیل دابین دەكرد، بەڵام ئێستا لە سوریا هیچ دەسەڵاتێكی نەماوەو لەدەرەوە یارییەكە یاری دەكات.

ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل پێی وایە كە ئێستا رووسیا توانای هەیە رووبەرووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە كە بەرۆكی وڵاتەكەی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە رۆژی شەممەی رابردوو فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوانی ئێرانی لە ئاسمانی ئیسرائیل نزیك ببوویەوە، بۆیە لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی (F16) رووبەرووی بوویەوە، بەڵام لە ئاكامدا فڕۆكە ئیسرائیلییەكە تێكشكاو فڕۆكەوانەكانی خۆیان ڕزگار كرد.

ئـ . كـ