وه‌زیرێك به‌هۆی درۆكردنه‌وه‌ ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌

چوار شەممە, 14 شوبات 2018 07:22
 
 وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی بەهۆی درۆكردنەوە راگەیاندو ده‌شڵێت هۆڵەندا پێویستی بە وەزیرێكی دەرەوەی وەها هەیە، كە گومانی لێ نەكرێت.
 
هالبە زیلسترا  وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە وتارێكی لە پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند: بەهۆی رونكردنەوە ناڕاستەكانی لەبارەی دیدارێكی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی روسیا، گەورەترین هەڵەی لە ژیانی سیاسیدا كردوە و هەر بەو هۆیەوە دەست لەكاردەكێشێتەوەو ده‌شڵێت "هۆڵەندا پێویستی بە وەزیرێكی دەرەوەی وەها هەیە، كە گومانی لێ نەكرێت".
 
ناوبراو  لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "دی ڤۆلكسگرانت"ی وڵاته‌كه‌ی رونكردنەوەكانی خۆی لەمیانی وتەیەكی لە كۆنگرەیەك لە ساڵی 2016دا بەدرۆخستەوە، كە گوایە لەو ساڵەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین كۆبونەوەیەكی ئەنجام داوە.
 
ئه‌و وه‌زیره‌  چوار مانگە ئەركی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رادەپەڕێنێت، بەڵام لە رۆژی سێشەممەی رابردوه‌وه‌ وازهێنانی خۆی له‌و پۆسته‌ راگەیاندوه‌.
 
 
 
هونه‌ر بانه‌گوڵانی