وەزیرێكی هۆڵەندا به‌هۆی درۆیه‌ك ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌

چوار شەممە, 14 شوبات 2018 10:58

 

لە کۆبوونەوەی نایاسایی پەرلەمانی هۆڵەندا كه‌ دووبارە متمانە بە حکومەت بەخشرایەوە، بەڵام وەزیری دەرەوە دوای ئەوەی دانی بەوەدا نا درۆی کردووە، ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌.


لە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی هۆڵەندا، کە بۆ لێپرسینەوە لە حکومەت سازیکردبوو، هاڵبی زیلسترا وەزیری دەرەوە، دوای ئەوەی دانی بەوەدا نا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی روسیا درۆی کردووە، بە چاوێکی فرمێسکاوییەوە وتی: جگە لەپێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەم بە پادشا، ئەمڕۆ هیچ بژاردەیەکی دیكه‌ نابینم.

هاڵبی زیلسترا کە ماوەی چوار مانگە، پۆستی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندای وەرگرتووە، وتی: بەشێوەیەکی رەها، ئەمە گەورەترین هەڵەیە لە ژیانی سیاسیم، پێویستە راستگۆیی وەزیری دەرەوە دوور بێت لە گومان.

سه‌باره‌ت به‌ درۆکەی وەزیری دەرەوە، پرسیار لە مارک روتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کرا، مارک وتی: ئەوە هەڵەی من بوو، پێموانەبوو ئەم کارە ئەو رووداوە سیاسیەی لێدەکەوێتەوە، من کاریگەری ئەم درۆیەم بەکەمزانیبوو.

شایه‌نی باسه‌، درۆکەی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا پەیوەندی بە کۆبوونەوەیەک هەیە کە بەر لە ١٢ ساڵ لە ئێستا لە ماڵی ڤلادمێر پۆتن سەرۆکی روسیا ئەنجامدراوە و ناوبرا و بەشداری تێدا کردووە.

 

 

ش.م