توركیا داوا لە ئەمریكا دەكات چیتر چەك بە یەپەگە نەدات

هەینی, 16 شوبات 2018 07:43

 

 

شەوی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سەرۆك كۆماری توركیا لەشاری ئەنقەرە كۆبوونەوەو باسیان لەچەند پرسێك كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسە جیهانییەكان، لەشاری ئەنقەرە هەریەكە لە (رێكس تێلەرسۆن) ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو (رەجەب تەیب ئەردوگان) ی سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوونەتەوەو باسیان لەچەند پرسێك كردووە، بەتایبەت پرسی كوردانی سوریا.

پەلاماری سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین پێی ناوەتە چوارەم هەفتە، تاكو ئێستاش شەڕێكی سەخت لەئارادایە، شەرڤانەكانی یەپەگەش بەرگرییەكی سەخت دەكەن و تاكو ئێستا پێشگریان لە پێشڕەوییەكانی سوپای توركیاو هاریكارەكانی گرتووە.

لەكۆبوونەوەكەی شەوی رابردووی نێوان تێلەرسۆن و ئەردوگان، توركیا داوای لە ئەمریكا كردووە خۆی بەدوور بگرێت لە چەكدار كردنی شەرڤانەكانی یەپەگە.

بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سەرۆكی توركیا ماوەی (3:15) كاتژمێری خایاندووەو تێیدا وەزیری دەرەوەی توركیاش ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە.

بەپێی رای چاودێرانی سیاسی، سەردانەكەی تێلەرسۆن بۆ توركیا لەكاتێكی سەختدا بووە، چونكە لەلایەك واشنتۆن چەك بە یەپەگە دەدات و لەلایەكی دیكەش تیشكی سەوزی بۆ توركیا داگیرساندووە بۆ ئەو پەلامارە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی تاكو ئێستاش چەك بە یەپەگە دەدات.

 

ئـ . كـ