توركیا هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی چوونی هێزه‌كانی سووریا بۆ‌ عه‌فرین راگه‌یاند

دوو شەممە, 19 شوبات 2018 12:35

 

ئه‌مڕۆ ئاژانسی سانای سووریا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو، هێزه‌كانی سووریا ده‌چنه‌وه‌ عه‌فرین بۆ پارێزگاریكردن له‌ سنوره‌كانیان، له‌مباره‌یه‌وه‌ توركیا هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای ئه‌سه‌د بۆ عه‌فرین راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ 19ی شوباتی 2018، له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌یمه‌ن سه‌فدی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن، مه‌ولوود چاوش ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند: پێشوازی له‌ هێزه‌كانی سووریا ده‌كه‌ین له‌ عه‌فرین، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان له‌ ناوبردنی هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ بێت، نه‌ك پاراستنیان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ پاراستنیان بچنه‌ عه‌فرینه‌وه‌، ئه‌وا كه‌سێك نییه‌ توركیا بوه‌ستێنێ.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتیشی: چوونی هێزه‌كانی ئه‌سه‌دیان بۆ عه‌فرین به‌لاوه‌ كارێكی باشه‌، ئه‌گه‌ر بۆ پاككردنه‌وه‌ی تیرۆر بێت، به‌ڵام بۆ پاراستنی هێزه‌ كوردییه‌كان بێت، ئه‌وا توركیا دژی ئه‌م كاره‌یه‌.

شایه‌نی باسه‌، ئه‌م لێدوانه‌ی چاوش ئۆغڵو له‌ كاتێكدایه‌،‌ به‌ پێی رێككه‌وتنێك له‌ نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و هێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د، بڕیاره‌ هێزێكی سه‌ر به‌ رژێمی ئه‌سه‌د بچنه‌وه‌‌ عه‌فرین.

 

 

ش.م