سورییەكانی غۆتەی خۆرهەڵات چاوەڕوانی مەرگ دەكەن

پێنج شەممە, 22 شوبات 2018 05:45

 

 

دانیشتوانی غۆتەی ڕۆژهەڵات لە سوریا دەڵێن، چاوەڕوانی مەرگیان دەكەن لە یەكێك لە توندوتیژترین بۆمبارانەكانی هێزەكانی حكومەتی سوریا بۆ سەر ناوچە گەمارۆدراوەكە كە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆندایەو دەكەوێتە نزیك دیمەشقی پایتەختەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە چاودێری جەنگی ناوخۆی سوریا دەكات وتی: بەلایەنی كەمەوە لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا (310) كەس لە ناوچەكەدا كوژراون و (1550) كەسی دیكەش برینداربوون.

غۆتەی ڕۆژهەڵات ناوچەیەكی كشتوكاڵییەو دانیشتوانی چڕەو دەكەوێتە دەرەوەی دیمەشق و كۆتا ناوچەیە لەنزیك پایتەختەوە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆندا مابێت.

لە ڕۆژی یەكشەممەوە هێرشە ئاسمانییەكانی چڕتر بوونەتەوەو یەكێكە لە توندوتیژترین بۆمبارانكردن لە جەنگی ناوخۆی سوریا كە وا دەچێتە ساڵی هەشتەمییەوە.

یەكێك لە دانیشتوانی شارۆچكەیەك لە شارۆچكەكانی غۆتەی ڕۆژهەڵات بە ناوی (بیلال سەڵاح) ەوە وتی : چاوەڕێی سەرەی مردنمان دەكەین، ئەوە تاكە شتە دەتوانم بیڵێم.
وتیشی : هەموو خەڵكەكە یا بەشێكی زۆریان لە پەناگەكاندا دەژین، هەر ماڵێك پێنج بۆ شەش خێزانی تێدا دەژی، هیچ خواردن و بازاڕێك نیە.

لەلای خۆشیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان سەركۆنەی هێرشەكەی سەر غۆتەی كرد كە هەندێك لە نەخۆشخانەكان و بینا سەرەكییە مەدەنییەكانی دیكەی كردۆتە ئامانج و وتی: ئەوە جێگەی قبوڵكردن نیەو هۆشیاریشیدا لەوەی ئەو بۆمبارانكردنە دەچێتە قاڵبی ئەنجامدانی تاوانی جەنگەوە.

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان (ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش) داوای كرد بە زووترین كات هەموو چاڵاكییە جەنگییەكان لە غۆتەی ڕۆژهەڵاتدا بوەستێنرێن.

لە لێدوانێكیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گۆتێرێش وتی : دانیشتوانی غۆتە لە دۆزەخی سەر زەویدا دەژین.

هەروەها گۆتێرێش پشتیوانی لە داواكەی سویدو كوەیت كرد بۆ وەستاندنی شەڕ لە سوریا بۆ ماوەی مانگێك.

نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان (ڤاسیلی نیبینزیا) لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز سەبارەت بە پڕۆژە بڕیارەكەی وەستاندنی شەڕ وتی : ناتوانین هەر وا بە ئاسانی بڕیاری وەستاندنی شەڕ بدەین، ئەمە ئەركێكی درێژخایەن و ئاڵۆزە، بەڵام هەوڵی بۆ دەدەین.

هەروەها مۆسكۆ داوای بەستنی كۆبوونەوەیەكی ئاشكرای ئەنجوومەنی ئاسایشی كرد لە ئەمڕۆدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕەوشەكەی غۆتە.

ڕوانگەی سوری وتی : دوێنێ‌ هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا سەدان موشەك و بەرمیلی پڕ لە تەقینەوەیان هەڵداوە بەسەر شارۆچكەو گوندەكانی ناوچەكەدا.

لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور داوای كرد ڕێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەكان بگەنە غۆتە بەتایبەتی بریندارەكان كە برینی سەخت و مەترسیداریان هەیە.

سەرۆكی لێژنەكە لە سوریا (ماریان جاسر) وتی : وادەردەكەوێت لە ڕۆژانی داهاتوو و هەفتەكانی داهاتوودا شەڕەكە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازارو ناخۆشییەكان، ئەمە شێتییە و دەبێت بوەستێنرێت.

حكومەتی سوریاو ڕووسیای هاوپەیمانی دەڵێن: ئەوان هاوڵاتیانی مەدەنی ناكەنە ئامانج، هەروەها هەردوولا ڕەتی دەكەنەوە بەرمیلی پڕ لە تەقینەوەیان بەكارهێنابێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەكارهێنانی ئەو بەرمیلانە سەركۆنە دەكات.

ڕوانگەی سوری وتی : وادیارە زۆربەی ئەو فڕۆكانەی بەسەر غۆتەدا دەفڕن ڕووسین، سورییەكانیش دەڵێن : دەتوانن فڕۆكەی سوری لە فڕۆكەی ڕووسی جیا بكەنەوە، چونكە فڕۆكە ڕوسوییەكان لەبەرزییەكی زیاترەوە دەفڕن.

وتەبێژی كرێملن (دیمیتری پێسكۆڤ) ئەو قسانەی ڕەت كردەوە كە بەرپرسیارێتی كوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە غۆتەی ڕۆژهەڵات دەخەنە ئەستۆی ڕووسیاو وتی : ئەو قسانە هیچ بنەمایەكییان نیە.

 

ئـ . كـ