ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ غۆتەی نزیك دیمەشق هیچ بڕیارێكی دەرنەكرد

هەینی, 23 شوبات 2018 06:22

 

 

دوێنێ‌ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای هەردوو وڵاتی كوێت و سوید بۆ كوشتاری هاوڵاتیانی مەدەنی لە غۆتەی نزیك شاری دیمەشق كۆبوویەوە، بەڵام هیچ بڕیارێكی دەرنەكرد.

بەپێی زانیارییەكانی راپۆرتە هەواڵێكی كەناڵی جەزیرە، رووسیا بەربەستی لەبەردەم پڕۆژە بڕیارەكە دروست كردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە ناوچەی غۆتەی خۆرهەڵات ڕووبەڕووی چڕترین پەلامار بۆتەوە لەوەتەی پێنج ساڵی رابردوودا.

نوێنەری ئەمریكا لەنەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە: ئەوان ئامادەن دەنگ بۆ پرۆژە بڕیارەكە بدەن، بەڵام رووسیا بەربەستی دروست كردووە.

بەپێی پرۆژەكەی كوێت و سوید بێت، ئەوان داوایان كردووە لەبەر بارودۆخی مرۆیی بۆ ماوەیەك شەڕ لە غۆتەی بوەستێندرێت، چونكە بۆردومانەكان سەرجەم هاوڵاتیانی مەدەنی كردۆتە ئامانج و تاكو ئێستاش بە چڕی بەردەوامیان هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەریەكە لە رووسیاو ئێرانی بە بەرپرسیار زانیوە لە كوشتاری هاوڵاتیانی مەمەنی لە غۆتەی خۆرهەڵاتی نزیك شاری دیمەشق.

 

ئـ . كـ