فەرەنسا : ئاگر بەستی سوریا عەفرینیش دەگرێتەوە

سێ شەممە, 27 شوبات 2018 05:39

 

 

فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە لەسەر رووسیا دەسەڵاتەكانی بەسەر حكومەتی سوریادا بەكاربهێنێت تاوەكو دیمەشق پابەند بێت بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە وڵاتەكەداو هەروەها بە توركیاشی ڕاگەیاند، كە ئاگربەستەكە ئەركە سەربازییەكانی ئەویش دەگرێتەوە كە دژی كوردەكانی ناوچەی عەفرین ئەنجامی دەدات.

دوای دوو ڕۆژ لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە داوای ئاگربەستی كردووە لە سەرتاسەری سوریادا بۆ ماوەی (30) ڕۆژ، توركیا یەكەی هێزی تایبەتی بڵاوكردۆتەوە لە ناوچەی عەفرینی سوریاو خۆی ئامادە دەكات بۆ شەڕێكی نوێ دژی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد.

لە بەیاننامەكەی ئۆفیسەكەی ماكرۆندا هاتووەو دەڵێت، سەرۆكی كۆمار جەختی لەو ئاگربەستە مرۆییە كردۆتەوە كە هەموو سوریا دەگرێتەوەو دەبێت هەموو لایەنەكان بەبێ دواكەوتن جێبەجێی بكەن.

هەروەها ماكرۆن حكومەتی سوریای تۆمەتبار كرد بەوەی بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی پێشێلكردووە دوای ئەوەی هێرشەكانی بۆ سەر نەخۆشخانەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی لە غۆتەی ڕۆژهەڵات بەردەوامبوون.

هەروەها بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە دەبێت رووسیا وەكو ئەندامێكی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش ئێستا هەموو بەرپرسیارێتییەكانی بەرامبەر ڕژێمی سوریا بەكاربهێنێت.

سیاسەتمەدارانی فەرەنسی وتیان : وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان (ژان ئیف لۆدغیان) ئەمڕۆ سێشەممە گەشت دەكات بۆ رووسیا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەكی هاوبەش بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەو ئاگربەستە لە سەرتاسەری سوریادا.

 

ئـ . كـ