سوریاو روسیا بەردەوامن لە بۆردومان كردنی غۆتە

چوار شەممە, 28 شوبات 2018 05:44

 

 

سەرەڕای ئاگربەستەكەی ڕووسیا، فڕۆكە جەنگییەكانی سوریا ناوچەی غۆتەی ڕۆژهەڵاتیان بۆمبارانكرد لەكاتێكدا دیمەشق چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبار كرد بەوەی ڕێڕەوە پارێزراوەكەیان بۆ هاتنە دەرەوە لە ناوچەكە بۆمبارانكردووە سەرەڕای داواكەی ڕووسیا بۆ وەستاندنی شەڕ.

دووان لە دانیشتوانی ناوچەكە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان وتوە، فڕۆكە جەنگییەكانی سوریاو فڕۆكە هێلیكۆپتەرەكان هێشتا بۆمبارانی ناوچەكە دەكەن سەرەڕای ئاگربەستەكەی ڕووسیا.

كۆمەڵەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە داوە كە هێشتا هێرش دەكرێتە سەر ناوچەكە، بەڵام سەرچاوەیەكی سەربازی سوریا ئەوەی ڕەت كردۆتەوە.

نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەدا، شەڕە بەردەوامەكە بۆتە هۆی ئەوەی مەحاڵ بێت یارمەتییەكان بگەیەنن و بریندارەكان ڕزگار بكەن.

وتەبێژی ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی (یانس لایركە) لە جنێڤ وتی: ڕاپۆرتمان بەدەست گەیشتووە ئاماژە بە بەردەوامی شەڕ دەدەن لە غۆتەی ڕۆژهەڵات.

وتیشی : دیارە كە ڕەوشەكە ڕێگە نادات بەوەی كاروانی یارمەتییەكان بگەنە ئەوێ و بریندارەكان ڕزگار بكرێن.

وتەبێژی بەرگری مەدەنی سوریا (سیراج مەحمود) وتی : ناوچەكە هێشتا لەژێر بۆمبارانی تۆپهاوێژەكان و هێرشە ئاسمانییەكاندایە.

 

ئـ . كـ