لەبارەی عەفرین، توركیا رەخنە لە ئەمریكا دەگرێت

پێنج شەممە, 01 ئازار 2018 06:16

 

 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕەخنەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گرت كە داوایكردبوو ئەنقەرە پابەندی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ببێت و هێرشی سەر عەفرین ڕابگرێت.

(حامی ئاقسۆی) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیانـنامەیەكدا نووسیویەتی، لێدوانەكانی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە دراون لە بارەی ئەوەی دەبێت توركیا دەقی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەست لە سوریا بە باشی بخوێنێتەوە، هیچ بنەمایەكی بۆ نیـیە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ لادان لە ناوەرۆكی بڕیارەكە.

پاشان نووسیویەتی، (هێزەر ناوەرت) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا یان ئەوەتا نەیتوانیوە درك بەو هۆكارە بكات كە وایكرد ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری ئاگربەست بۆ سوریا بدات، یانیش هەوڵ دەدات لە مەبەستی بڕیارەكە لابدات.

ئاقسۆی باسیش لەوە دەكات توركیا لایەنێكی شەڕی ناوخۆی سوریا نیـیەو ئۆپەراسیۆنە لەشكریـیەكەی بۆ سەر عەفرین مافێكی ڕەوای خۆیەتی بەپـێی ماددەی (51) ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

ئـ . كـ