زەوی هەرەس دەهێنێت و دەیان هەزار كەس دەگوێزرێنەوە

02/03/2018 - 17:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

بەهۆی گێژەلوكەیەكی بەهێزو ئەگەری هەرەس هێنانی زەوی، لە كالیفۆرنیای ئەمریكا دەیان هەزار كەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە.

دەسەڵاتدارێتی كالیفۆرنیا بڕیاریانداوە دەیان هەزار كەس لەنزیك كەنارەكانی رووباری (سانتا بەربارە) و نزیك شاخە بەرزەكان رابگوێزن بۆ ناوچە ئارامەكان، ئەوەش بەهۆی مەترسی داڕمانی زەوی لەناوچەكەو كەوتنەوەی كارەسات.

لەمبارەیەوە وتەبێژی فەرمانگەی كارەساتە سروشتییەكانی كالیفۆرنیا رایگەیاندووە، بارانێكی بەخوڕ دەبارێت و چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە گێژەلوكەیەكی بەهێز روو لەناوچەكە بكات و كارەساتی لێبكەوێتەوە، هاوكات خاچی سوری ئەمریكی لە ئامادەسازیدایە بۆ گەیاندنی كۆمەك بۆ لێقەوماوان و ئاوارەی كارەساتەكان.

 

ئـ . كـ