به‌هۆى بۆردومانى رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ ٢٣ هاوڵاتی لە غوته‌ كوژران

شەممە, 03 ئازار 2018 07:12

وێرای بڕیاری ئاگربه‌ستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و بڕیاری ئاگربه‌ستی روسیا بۆ ماوه‌ی پێنج كاتژمێر رۆژانه‌، هێرشی ئاسمانی کردووەتە سه‌ر غوته‌ی رۆژهه‌ڵات و لە ئاکامدا، ٢٣ هاوڵاتی مەدەنی كوژراون.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە: به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ له‌ تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات وه‌رگیراون له‌ دوای بڕیاری ئاگربه‌ستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و بڕیاری ئاگربه‌ستی ڕوسیا بۆ ماوه‌ی پێنج كاتژمێر رۆژانه‌ وه‌ك "وچانی مرۆیی"، رژێمی سوریا و هاوپه‌یمانەکانی به‌رده‌وامن له‌ بۆردومانكردنی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات.

هەروه‌ها دوێنێ هەینی رژێمی سوریا غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتی بۆردومانکردووە و لە ئاکامدا، ٢٣ سڤیل كوژراون.

به‌پێی ئامارەکانی به‌رگری شارستانی لە غوته‌ی رۆژهه‌ڵات، له‌ ئاكامی هێرشەکانی رژێمی ئه‌سه‌د و لایه‌نگرانی، له‌ ١٩ی مانگی رابردووە تا ٢ی ئەم مانگە، ٦٤٧ سڤیل كوژراون و دوو هه‌زار و ٢٧٨ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی