لەژێر بۆردومانێكی چڕدا هێزەكانی ئەسەد پەلاماری غۆتە دەدەن

یەک شەممە, 04 ئازار 2018 06:26

 

 

لەژێر بۆردومانێكی چڕی ناوچەی غۆتەی نزیك لەشاری دیمەشق، هێزەكانی ئەسەدو میلیشیا چەكدارە هاوكارەكانی هێرشیان كردۆتە سەر چەند ناوچەیەكی ئەو شارەدێەو داگیریان كردووە.

لەگەڵ ئەوەی نزیكەی هەفتەیەكە ئاگر بەست لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ناوچەی غۆتەی نزیك دیمەشق دەركراوە، بەڵام هیچ یەكێك لەلایەنەكان پێیەوە پابەند نەبوونە، ئەوەش بۆتە مایەی لەناوچوونی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی مەدەنی.

بەپێی راپۆرتە هەواڵێكی كەناڵی جەزیرە، هێزەكانی سوپای رووسیا لەڕێگەی بەرمیلی پرلەمادەی تەقێنەرەوە هێرشیان كردۆتە سەر غۆتەو وێرانكارییەكی زۆریان دروست كردووەو بەپێی زانیارییەكان تەنها دوێنێ‌ دەیان كەس كوژراون و برینداربوون زۆرینەشیان لەهاوڵاتیانی مەدەنین.

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای بەرگری لە غۆتەی خۆرهەڵات لەماوەی (12) رۆژی رابردوودا لەئەنجامی بۆردومانەكانی ئەو شارەدێیەدا (718) كەس كوژراون.

هاوكات لەسەروبەندی بۆردومان و پێكدادانە سەختەكاندا، هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد هێرشێكیان كردۆتە سەر ناوچەی ئۆتایا لەناوچەی مەرجی باشووری غۆتەو كۆنترۆڵیان كردووە، چەكدارەكانی گروپی (جەیشی ئیسلام) كە گەورەترین گروپی چەكداری ناو غۆتەن رایانگەیاندووە، ئەوان وەك پیلانی شەڕ لەچەند ناوچەیەك پاشەكشەیان كردووە.

 

 

ئـ . كـ