توركیا بەپەلە ئەم داوایە لە رووسیا دەكات

پێنج شەممە, 15 ئازار 2018 05:30

 

 

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت، توركیا داوای لە وڵاتەكەی كردووە پەلە بكات لە ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی (S-400).

(سێرگی لاڤرۆڤ) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ (مەولود چاوش‌ ئۆغڵۆ) هاوتا توركەكەی لە شاری مۆسكۆ وتی : لە ئێستادا مۆسكۆ تاووتوێی ئەم داوایەی توركیا دەكات.

هەروەها وتی : لە میانەی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ چاوش ‌ئۆغڵۆ باسیان لە كارئاسانی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات كردووەو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بازرگانی نێوانیان (%37) زیادیكردووە، زیاتر لە (4) ملیۆن گەشتیاری ڕووسی سەردانی توركیایان كردووە.

پاشان سەبارەت بە سوریا، لاڤرۆڤ بە ڕۆژنامەوانانی وت : هیچ گومانی لەوەدا نیـیە ئەمریكا كار بۆ دابەشبكردنی سوریا دەكات و دەخوازێت بۆ هەمیشە لەوێ بمێنێتەوە.

وتیشی : لایەنی توركی زانیاری بە ڕووسیا داوە، هەروەها ڕەتیكردەوە ڕژێمی سوریا چەكی كیمیایی لە دژی خەڵكی سیڤیلی غۆتەی ڕۆژهەڵات بەكارهێنابێت و وتی واشنتۆن بەو بیانووە دەیەوێت دیمەشق بۆردومان بكات.

چاوش ‌‌ئۆغڵۆ ستایشی ڕووسیای كردو وتی : مۆسكۆ یەكێكە لە گرنگترین هاوبەشەكانی ئەنقەرە لە بواری ئابوری و سیاسی.

 

ئـ . كـ