لەسەر عەفرین، ئەردوگان ڕەخنە لە ئەمریكاو ئەوروپا دەگرێت

شەممە, 17 ئازار 2018 06:46

 

 

سەرۆكی توركیا جارێكی دیكە ڕەخنەی لە ئەمریكا گرت و لەسەر پشتیوانیكردنی هێزە كوردیـیەكانی سوریا كە ئەنقەرە بە تیرۆرست ناودێریان دەكات.

(ڕەجەب تەیب ئەردوگان) سەرۆك كۆماری توركیا لە لێدوانێكیدا لە ناوچەی ئەرزەڕۆمی باكوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەی وتی: ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت لەگەڵماندا لە دژی تیرۆر كاربكات، ئەوا دەبێت سەرەتا تیرۆرستان لە ڕۆژهەڵاتی فورات دەربكات، ئەمەش مەبەستی هێزەكانی پاراستنی گەلە (یەپەگە).

جەختی لەوەش كردۆتەوە، ئەوان بەرەو مەنبەج دەڕۆن و وتی : ئێستا لەلایەك خاڵەكانی چاودێریمان لە ئیدلیب زیادو توندتر دەكەین و لە لایەكی دیكە بەرەو مەنبەج دەڕۆین.

جارێكی دیكەش ڕەخنەی لە ئەمریكا گرتەوە لەسەر پـڕچەككردنی هێزەكانی یەپەگە و وتی: بەبێ بەرامبەر هەموو جۆرە چەكێك بەو ڕێكخراوە تیرۆرستیـیە دەدەن، بەڵام بە پارەش بە ئێمەی نافرۆشن، ئینجا دێن و دەڵێن پشتیوانی لە تیرۆر ناكەین، ئێ ئەمە چۆن دەبێت، دەكرێت بۆمان ڕوونبكەنەوە.

ئەردوگان باسی لەوەش كرد كە هێشتا نازانێت سیاسەتی (مایك پـۆمپـیۆ) ئەوەی ترامپ بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە دەسـتنیشانیكردووە، لەم بارەیەوە چۆنە.

پاشان ڕەخنەی توندی لە پەرلەمانی ئەوروپا گرت لەسەر ئەو داوایەی كردویەتی بۆ ڕاگرتنی هێرشی سەر عەفرین و وتی : ئێوە لە كەیەوە مۆڵتتان پـێداروە ئامۆژگاری ئەم میللەتە بكەن ؟ ئەو ئامۆژگاریـیانە بۆخۆتان هەڵبگرن.

وتیشی : ئەوە ئێمەین (7) ساڵە (3.5) ملیۆن سوریمان گرتۆتە خۆمان، ئەگەر دەرگاكانمان بكردایەتەوەو بۆمان ڕەوانەبكردنایە، ئەوا كون نەدەما خۆتانی تێدا حەشاربدەن، ئینجا ئەو كاتە لێمان دەپاڕانەوە دەرگاكانمان نەكەینەوە.

سەرۆكی توركیا جەختی لەوەكردەوە، وڵاتەكەی لە هێرشی سەر عەفرین بەردەوام دەبێت و گوێ بە هیچ داوایەكی نێودەوڵەتی نادات.

 

ئـ . كـ