ئەمریكا : ئەگەر توركیا ئەمە بكات سزای دەدەین

پێنج شەممە, 19 نیسان 2018 06:15

 

 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری دایە توركیا لە هاریكاریكردنی رووسیا لە سوریا.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی سپۆتنیكی ڕووسیا، ئەمریكا جەختی لەوەكردۆتەوە كە ئەگەر بێت و ئەنقەرە هاریكاری رووسیا بكات و سیستەمی مووشەكی (S 400) بكڕێت، ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

(ویس میتچل) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە میانی دانیشتنێكی لێژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی، داوای لە توركیا كردووە بیربكاتەوە لە دەرئەنجامی هاوكاریكردنی لەگەڵ ڕووسیا لە سوریادا.

میتچل وتوویەتی: پێویستە لەسەر ئەنقەرە بیر لە دەرئەنجامی ئەو نەرمی نواندنە بكاتەوە كە بۆ مۆسكۆی دەكات لە پێناو چەند ئامانجێكی تاكتیكی لە سوریا.

ئاماژەش دراوە، كە لایەنی توركی بە شێوەیەكی پتەو هاریكاری لەگەڵ ڕووسیاو ئێران دەكات، بێ گوێدانە پەیوەندییە پتەوەكانی لەگەڵ ئەمریكادا.

میتچل ئاماژەی بەوەشكردووە، توركیا سوورە لە كڕینی سیستەمی مووشەكی جۆری (S 400) لە ڕووسیا، ئەو بابەتەش بە گوێرەی یاسای (231) ی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی ئەمریكا، توركیا ڕووبەڕووی سەپاندنی سزا دەكاتەوەو بە شێوەیەكی نەرێنی كاریگەری دەبێت لە بەشداریكردنی توركیا لە بەرنامەی تایبەت بە فڕۆكەی جەنگی جۆری (F 35).

 

 

 

ئـ . كـ