كودەتایەكی ئیماراتی لە تونس دژی پارتی نەهزەی ئیسلامی شكستی پێهێنرا

چوار شەممە, 13 حوزەیران 2018 10:26

 


بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری فەڕەنسی و ئەڵمانی و جەزائیری ، پلانێكی دەزگای هەواڵگری ئیماراتی و وەزیری ناوخۆی تونسی پێش دورخستنەوەی لە پۆستەكەی شكستی پێهێنراوە كە ئامانج لێی كودەتایەكی سەربازی بووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی یەكجاری پارتی نەهزەی ئیسلامیدووربخرێتەوە كە خاوەن گەورەترین پێگەی جەماوەریە.


بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی پێگەی لۆمۆندی فەڕەنسی، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبونەوەی نهێنی نێوان بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری ئیمارات و لوتفی ابراهیم وەزیری ناوخۆی لەكارلابراوی تونسی، ڕێكەوتن كراوە لەسەر پیلاننی كۆتایی كودەتایەكی سەربازی.


ڕاپۆرتەكە ئاشكرای كردووە، چەند دەزگایەكی هەواڵگری نێو دەوڵەتی پلانەكەیان ئاشكرا كردووە، هەردوولا ڕیكەوتوون، كە سەرۆك وەزیرانی تونس یوسف شاهید لە دەسەڵات دوربخرێتەوە، وەزیری بەرگری سەردەم زەینول عابدین كەمال مەرجان دەكرێتە سەرۆكی حكومەت و باجی سبسی سەرۆكی تونس بە پاساوی نەخۆشی لە پۆستەكەی دوردەخرێتەوە.


ئاماژەی بەوەش كردووە ئامانج لە كودەتاكە دورخستنەوەی پارتی نەهزەی ئیسلامی بووە لە دەسەڵات.


ئیمارات بە یەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە سەدان ملیار دۆلار خەرج دەكات دژی ڕەوتە ئیسلامیەكان و بە پشتیوانی سەرەكی دادەنرێت لە كودەتا و جەنگە ناوخۆییەكان لە چەندین وڵاتی جیهاندا و لە ماوەی ڕابردوودا دەیان ملیار دیناری لە چەند وڵاتێك خەرج كردوە لەوانە میسر و تونس و لیبیا و یەمەن و ئەردەن و فەلەستین و مالیزیا.