ژمارەیەك لە خێزانەكانی كۆریای باشوور و كۆریای باكوور بەیەك شاد دەبنەوە

شەممە, 23 حوزەیران 2018 08:34

 

وەزارەتی یەكگرتنەوەی كۆریای باشور ڕایدەگەیەنێت: كۆریای باشوور و كۆریای باكوور ڕێكەووتن ئەو خێزانانەی بەهۆی شەڕەكانی ساڵانی 1950 – 1953 لێكدابڕاون یەكتر ببینن.

 

دوێنێ هەینی وەزارەتی یەكگرتنەوەی كۆریای باشور ڕایگەیاند: بەهۆی ڕێكەوتنی نێوان كۆریای باشوور و كۆریای باكوور بە مەبەستی تۆكمەكردنی ئاشتەوایی نێوان هەردوولا لە ڕۆژی 20-8-2018 تاوەكو ڕۆژی 26-8-2018 لە هاوینەهەواری شاخەكانی دیامۆند لە كۆریای باكور، كەس و كارە لەیەكتر دابڕاوەكانی شەڕی ساڵانی 1950 – 1953 یەكتر دەبینن.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: هەر یەكێك لەو دوو وڵاتە 100 كەس دەنێرن و هەر كەسێكیش لەو 200 كەسە ئەگەر كێشەی جوڵە و هاتوچۆكردنیان هەبێت ڕێگەیان دەدرێتێت كەسێكی خزم لەگەڵ خۆیان ببەن.

 

جێگای ئاماژە بۆكردنە ئەم جۆرە یەكگرتنەوە كاتیانە هەستێكی قوڵ لای بەشداربووانەوە دروست دەكات لە كاتێكدا زۆربەی ئەوانەی داوا بۆ ئەو یەكتر بینینەوەیە پێشكەش دەكەن خەڵكی بە تەمەنن كە لەسەروەختی شەڕی نیمچە دوڕگەی كۆریاوە لەگەڵ كەسوكاریاندا لێكدابڕاون.

 

 

 

 

 

س ب