ئەمڕۆ دوو هەڵبژاردن لە توركیا بەڕێوەدەچێت ،، زانیارییەكان بخوێننەوە ...

یەک شەممە, 24 حوزەیران 2018 06:31

 

 

ئەمڕۆ بنكەكانی دەنگدان لە سەرتاسەری توركیا بەڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

ئاژانس و سەرچاوە هەواڵەكانی توركیا باس لەوەدەكەن، لە هەڵبژاردنەكانی ئەمڕۆی توركیادا لە كۆی نزیكەی (82) ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتە نزیكەی (60) ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، كە دەنگدەدەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو هەڵبژاردنی (600) ئەندام بۆ پەرلەمانی توركیا.

لە ناوخۆی توركیادا (56) ملیۆن و (322) هەزارو (632) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیەو لەو ڕێژەیە ژنان نیوەی زیاتری دەنگدەرانی توركیا پێكدەهێنن كە دەكاتە لە (50.7%)، هەروەها (180) هەزارو (196) بنكەی دەنگدان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە.

لە دەرەوەی ئەو وڵاتەش سێ ملیۆن و (47) هەزارو (328) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو كە ملیۆنێك و (486) هەزار كەسیان لە ڕۆژانی (7 – 19) ی ئەم مانگە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كرد كە دەكاتە لە (48%) ی دەنگدەرانی دەرەوە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا هەشت پارتی سەرەكی بەشدارییان كردووە لەگەڵ (68) كاندیدی سەربەخۆ، هەروەها چوار هەزارو (800) كاندیدی سەرجەم حزبەكان كە (977) كاندیدیان ژنن كێبڕكێ لەسەر (600) كورسی پەرلەمانی دەكەن.

لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیاشدا، شەش كاندید ڕكابەری گەیشتن بە كۆشكی سەرۆكایەتی دەكەن.

توركیا لە (81) پارێزگا پێكهاتووەو دابەشكراوە بەسەر (87) بازنەداو هەریەك لە ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە سێ بازنەو ئیزمیرو بۆرسە لە دوو بازنەو پارێزگاكانی تر هەریەكەیان بازنەیەكیان بۆ دانراوە.

هەروەها زۆرترین دەنگدەر دابەشبووە بەسەر شارە گەورەكانی ئیستەنبۆڵ كە (10) ملیۆن و (559) هەزارو (686) دەنگدەری تێدایەو (97) كورسی پەرلەمان پێكدەهێنێت، ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتەش سێ ملیۆن و (904) هەزارو (585) دەنگدەری تێدایە كە دەكاتە (36) كورسی پەرلەمان، هەروەها لە پارێزگای ئیزمیر سێ ملیۆن و (227) هەزارو (32) كەس دەنگدەدەن كە (28) كورسی دەكات.

لەسەر ئاستی شارە كوردییەكان كە پێكەوە (131) كورسی پەرلەمانیان بۆ دانراوە، دیلۆك و ڕوحاو ئامەد زۆرترین ڕێژەی كورسی پەرلەمانیان بۆ دیاریكراوە، كە دیلۆك و ڕوحا هەریەكەیان (14) كورسییان بۆ دانراوەو ئامەدیش كە ملیۆنێك و (23) هەزارو (389) دەنگدەر لەخۆدەگرێت (12) كورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی توركیادا، دوو هاوپەیمانی و سێ حزب بەشدارن و بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان هەر حزب و هاوپەیمانێتییەك نەتوانێت لە (10%) ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، ناتوانێت بچێتە پەرلەمانەوەو دەنگەكانی بۆ حزبە براوەكان دەچێت.

لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریشدا كە شەش كاندید كێبڕكێ دەكەن، ئەگەر هیچ كام لە كاندیدەكان نەتوانن لە خولی یەكەمدا زیاتر لە (50%) ی دەنگەكان بەدەستبهێنن، هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە خولی دووەمەوەو ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگ بهێنێت سەركەوتن بەدەستدەهێنێت.

هەڵبژاردنەكانی توركیا لەژێر چاودێری چاودێرانی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچێت كە ژمارەیان (400) كەس دەبێت و هاوكات (635) ڕۆژنامەنووسی بیانی لە (34) وڵاتی جیاوازەوە ڕووماڵی هەڵبژاردنەكان دەكەن.

 

 

ئـ . كـ