یەكێتی ئەوروپا دەستخۆشی لە توركیا دەكات

هەینی, 20 تەمموز 2018 05:26

 

 

یەكێتی ئەوروپا دەستخۆشی لە توركیا كرد بۆ بڕیاری لابردنی یاسای باری نائاسایی بەسەر وڵاتەكەدا، ئەمەش پاش دوو ساڵ لە سەپاندنی لە دوای هەوڵی كودەتاكە.

ئۆفیسی (فێدریكا مۆگێرنی) بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە بەیانـنامەیەكدا وتی: لابردنی باری نائاسایی لە توركیا هەنگاوێكە جێی خۆشحاڵیـیە.

وتیشی : ئەو هەنگاوانەی توركیا دەیانێت بە ئاڕاستەی سەروەری یاساو ئازادیـیەكان كاریگەری گەورەیان بەسەر ئایندەی پەیوەندیـیەكانی نێوان ئەنقەرەو یەكێتی ئەوروپا دەبێت.
دوێنێ‌ كۆتایی بە باری نائاسایی لە توركیا هێنرا كە لە دوای هەوڵی كودەتاكەی (15/7/2016) سەپێندرابوو.

لە ماوەی ئەو دوو ساڵە زیاتر لە (75) هەزار كەس دەسـتگیركران و زیاتر لە (100) هەزار كەسیش لە كارەكانیان دەركران، بەشی زۆریان بە تاوانی پەیوەندی بە ڕێكخراوی گولەن، ئەوەی ئەنقەرە دەڵێت لە پشت هەوڵی كودەتاكەوە بووە.

لە حاڵی ئێستاشدا پەرلەمانی توركیا كەوتۆتە تاووتوێكردنی پـرۆژە بڕیارێك بە ئامانجی ڕێگەدان بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیان لەوەی بتوانن فەرمانبەران بۆ ماوەی (3) ساڵ لە كارەكانیان دەربكەن و هەروەها قەدەغەی گردبوونەوە لە شەودا بسەپـێنن و بتوانن خەڵكی بۆ ماوەی هەتا (12) ڕۆژ دەسـتگیربكەن بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكی هەبێت، پـێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر ئەو پـرۆژە یاسایەدا بدرێت.

 

 

ئـ . كـ