ئەمریكا داوا لە وڵاتانی كەنداو دەكات بۆ ئەو مەبەستە یەكبگرن

پێنج شەممە, 13 ئەیلول 2018 05:36

 

سەرۆكی فەرماندەیەتی ناوەندی سوپای ئەمریكا داوای لە وڵاتانی كەنداو كرد ناكۆكیـیەكانیان وەلاوە نێن و خۆیان یەكبخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و گروپە توندڕەوەكان.

ژەنەڕاڵ (جوزێف ڤۆتێل) لە كۆبوونەوەی سەرۆكانی ئەركانی سوپای وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو لە كوەیت ئەم داواكاریـیەی بۆ ئامادەبووان ڕاگەیاندو وتی : دوو هەڕەشە لە ناوچەكەدا بەردەوامن ئەوانیش كارە ناسەقامگیریـیەكانی ئێران و ڕكخراوە توندڕەوەكانی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.

كۆبوونەوەكە فەریق ڕوكن (غانم بن شاهین غانم) سەرۆكی ئەركانی قەتەر تێیدا بەشداربوو، لەم كاتەی گرژی لە نێوان قەتەرو ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی هەیە.

ژەنەڕاڵ ڤۆتێل جەختی لەوەكردەوە كە دەبێت ئەم وڵاتانە تواناكانیان بەهێزو یەكبخەن و لە هەموو بوارێكدا پەرە بەخۆیان بدەن لە پـێناو ئاسایشی نەتەوەیـیان.

ئەم ئەفسەرە باڵایەی سوپای ئەمریكا لە كۆبوونەوەكە دووپاتیكردەوە، وڵاتەكەی دەستبەرداری ناوچەكەو هاوبەشەكانی نابێت و وتی: ئاستی بایەخدانی فەرماندەیەتی ناوەندی سوپای ئەمریكا بە ناوچەكە نەگۆڕاوە.

جێگەی ئاماژەیە هەردوو سەرۆك ئەركانی سوپای میسرو ئەردەن ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

لەم دوایـیانە (خالید جارەلڵا) جێگری وەزیری دەرەوەی كوەیت وتی : وڵاتەكەی تاووتوێی پـێشنیارێكی ئەمریكا دەكات بۆ پـێكهێنانی هاوپەیمانێتیـیەكی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی هەژمونی ئێران.

 

 

 

ئـ . كـ