ئه‌نقه‌ره‌ مه‌رجه‌كانى وه‌رگرتنى ره‌گه‌زنامه‌ى توركياى ئاسان كرد

دوو شەممە, 24 ئەیلول 2018 05:30

رۆژنامه‌ى ره‌سمى توركيا، هه‌موارى مادده‌كانى ياساى پێدانى ره‌گه‌زنامه‌ى توركى بۆ بيانييه‌كان بڵاوكرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى هه‌مواره‌ نوێيه‌كه‌، هه‌موو بيانييه‌ك ئه‌گه‌ر يه‌كێك له‌م مه‌رجانه‌ى تێدا بێت، ده‌توانێت ره‌گه‌زنامه‌ى توركيا وه‌ربگرێت:

-كڕينى عه‌قارێك كه‌ نرخه‌كه‌ى نه‌گاته‌ سه‌رووى 250 هه‌زار دۆلارى ئه‌مه‌ريكى، پێشتر ده‌بوايه‌ نرخه‌كه‌ى مليۆنێك دۆلار بێت و تا سێ ساڵ نه‌فرۆشرێته‌وه‌.

-دانانى 500 هه‌زار دۆلارى ئه‌مه‌ريكى له‌ بانكه‌كانى توركيادا، پێشتر ده‌بوايه‌ 3 مليۆن دۆلار دابنرێت.

-به‌ به‌هاى 500 هه‌زار دۆلار وه‌به‌رهێنان بكات، پێشتر ده‌بوايه‌ به‌ به‌هاى يه‌ك مليۆن دۆلار بێت.

-هه‌ر خاوه‌ن پڕۆژه‌يه‌ك هه‌لى كار بۆ 50 هاووڵاتى توركى بڕه‌خسێنێت، ره‌گه‌زنامه‌ى ده‌درێتێ، پێشتر ده‌بوايه‌ 100 هاووڵاتى بخاته‌ سه‌ر كار.

به‌ گوێره‌ى ياسا نوێيه‌كه‌، كه‌ دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى كارى پێده‌كرێت، هه‌ر بيانييه‌ك بيه‌وێت ره‌گه‌زنامه‌ى توركيا به‌ده‌ست بهێنێت ده‌توانێت داواكارى پێشكه‌ش بكات.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ