ئێران به‌ توندی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

سێ شەممە, 25 ئەیلول 2018 14:20

عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ئێران بە هیچ شێوەیەک ئەو پێشنیارەی واشنتۆن قبوڵناکات بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەل سەرکردە ئێرانییەکانیان لەناویشیاندا خامنەئی.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زاری ویلایەتییەوە ئەمڕۆ سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەو پێشنیارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە قبوڵ دەکەن بۆ دیدار و کۆبوونەوە، ڕاوێژکاری ڕابەری ئێران وتی "بە هیچ شێوەیەک ئەو خەونەی ترەمپ و پۆمپیۆ نابێتە ڕاستی"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی ئەو پێشنیارەی ئەمریکا.

ئەو هەڵوێستەی ئێران لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە لە ئێستادا لە نیویۆرکە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "نییەتی نییە بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران،" بەڵام ئامادەیی خۆیی دەربڕی لە داهاتوودا ئەو دیدارە رەنگە ئەنجام بدرێت.

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی "سەرباری داخوازییەکان، بەڵام پلانم نییە بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، من دڵنیام ئەو پیاوێکی ڕێکوپێکە و رەنگە لە داهاتوودا ئەو دیدارە ڕووبدات."

پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران دۆناڵد ترەمپی وەک کەسێکی "شەڕەنگێز و سەرەڕۆ" ناوبردبوو، تۆمەتباریشی کردبوو بە دەستپێکردنی جەنگێکی ئابوری لە دژی ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی دوو مانگە ئەمریکا سزاکانی دووبارە بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە.



ف.ق