توركیا بۆ ئەمریكا : هاوپەیمانی بەم جۆرە نابێت

15/12/2018 - 08:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

وەزیری ناوخۆی توركیا ڕەخنەی توندی لە ئەمریكا گرتووە لە بەرامبەر پشتیوانیكردنی لە هێزە كوردیـیەكانی سوریا لە شەڕی دژی داعش.

(سلێمان سۆیلۆ) وەزیری ناوخۆی توركیا لە وتارێكیدا لە ویلایەتی قەستەمۆنی وتویەتی، ئەمریكا لەسەر سنووری توركیا یارمەتی ڕێكخراوە تیرۆریـیەكان دەدات و لە سەروو هەموویانەوە ڕێكخراوی پەكەكەو باڵە سوریایـیەكەی پەیەدەو لەگەڵ ئەوەش شارەزایان ڕەوانەی چیای قەندیل دەكات بۆ ڕاهێنانی تیرۆرستان لەسەر نوێترین چەك، وتوشیەتی : واشنتۆن بە هەزاران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر چەكی بۆ پەیەدە ناردووە.

سۆیلۆ لە درێژەی وتارەكەی وتویەتی، ئەمریكا لە دوای ئەوەوە دێت و دەڵێت : ئێمە هاوپەیمانین لەگەڵ توركیا، نەخێر ناكرێت پەیوەندی هاوپەیمانێتی بەو شێوەیە بێت.

پاشان وتویەتی، ئەمریكا لەلایەك پشتیوانی پەكەكە دەكات و لەملاوە هەوڵی فریودانی توركیا دەدات بەوەی دەڵێت سێ‌ تیرۆرستی خستۆتە لیستی ئەوانەی داوای دەسـتگیركردنیان كراوە.

سلێمان سۆیلۆ لە دوا ڕەخنەشی دەڵێت، ئەمریكا پاڵپشتی پەكەكەو پەیەدەی كردووەو داعشی دروستكردووەو هەموو ئەندامانی ڕێكخراوی گولەنی داڵدەداوە كە هەستابوون بە هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكە لە توركیا.

ئەم لێدوانەی وەزیری ناوخۆی توركیا لە كاتێكدایە ئەمریكا وابەستەیی خۆی بە ئاسایشی توركیا دەربڕیوەو دووپاتی كردۆتەوە توركیا هاوپەیمانێكی گرنگی ناتۆیە.

 

 

ئـ . كـ