توركیا پێشنیارێكی ئەمریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئێس 400 رەتدەكاتەوە

دوو شەممە, 07 کانونی دووەم 2019 07:30

 

 

توركیا پێشنیاری ئەمریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینی ئێس (400) ی ڕووسی رەتكردۆتەوە، لە هەمان كاتدا ئەنقەرە بە هۆی نرخی باڵای پاتریۆتی ئەمریكی، ڕازی بە كڕینی ئەو چەكە نەبووە.

رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی ڕایگەیاندووە، لەم دواییەدا وەفدێكی ئەمریكی هەوڵیانداوە ئەنقەرە ڕازی بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری مووشەكی ئێس (400) ی ڕووسی بكەن.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی توركیا ئەو پێشنیارەیان ڕەت كردۆتەوە، چونكە هیچ داشكاندنەوەیەك بۆ كڕینی تەكنۆلۆژیا لە ئەمریكای لە گەڵدا نەبووە.

هاوكات پێشتر واژوكردنی گرێبەستێكی نێوان توركیاو ئەمریكا بۆ فرۆشتنی پاتریۆت و چەندین چەك و جبەخانەی تر بە توركیا بڵاوكرابوویەوە، بەبەهای (3.5) ملیار دۆلار.

لەلایەن خۆشیەوە ڕووسیا دەڵێت، كڕینی پاتریۆت نابێتە ئاستەنگ لە بەردەم كڕینی ئێس (400) لەلایەن توركیاوە و وادەی جێبەجێ كرانی ئەو ڕێككەوتنە درێژەی هەیە.

 

 

ئـ . كـ