سەرۆك وەزیری بەریتانیا رووبەڕووی شكست دەبێتەوە

پێنج شەممە, 10 کانونی دووەم 2019 07:04

 

 

پلانەكانی سەرۆك وەزیری بەریتانیا سەبارەت بە جیابوونەوەی وڵاتەكەی لە یەكێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی شكست بوویەوە كاتێك پەرلەمان داوای كرد لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا پلانێكی جێگرەوە پێشكەش بكرێت ئەگەر هاتوو پلانەكەی (تێریزا مەی) لە دەنگدانەكەی پەرلەماندا شكست بهێنێت.

جێگەی ئاماژەیە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی بەریتانیا دەنگدانێك ئەنجام دەدات سەبارەت بەو ڕێككەوتنەی (تێریزا مەی) واژۆی كردووە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا دەربارەی كشانەوەی بەریتانیا لە یەكێتییەكە.

هەتا ئێستا مەی ڕەتی دەكاتەوە پاشگەز بێتەوە لە پلانەكەی كە جێگەی ڕەزامەندی نیە لە بەریتانیاداو پەیوەندییە بازرگانییە توندوتۆڵەكانی بەریتانیا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لەناو دەبات دوای جیابوونەوەكە، لەجیاتی ئەوە (تێریزا مەی) بڕیاریداوە دەنگدانەكە ئەنجام بدرێت كە پێدەچێت لە دەنگدانەكەدا شكست بهێنێت بەوەی كە تا ئێستا نەیتوانیوە پشتیوانی هاوپەیمانەكانی لە ئێرلەندای باكوور بەدەست بهێنێت.

ڕەتكردنەوەی پلانەكەی مەی لە پەرلەمانی بەریتانیادا دەبێتە هۆی دروستبوونی نادیارییەك سەبارەت بە داهاتووی جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا كە دەبێتە هۆی گۆڕانكارییەكی ئێجگار گەورە لە سیاسەتی دەرەوەو بازرگانی بەریتانیادا، هەروەها ڕەت كردنەوەكە دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم ئەوەدا كە دووبارە گشتپرسی بكرێتەوە سەبارەت بە جیابوونەوەكە یاخوود بەریتانیا بەبێ هیچ ڕێكەوتنێك لە یەكێتی ئەوروپا جیا ببێتەوە.

ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا بە (308) دەنگ بەرامبەر (297) دەنگ پشتیوانیان لەو بڕیارە كرد كە داوا لە حكومەت دەكات لە ماوەی سێ ڕۆژدا پلانێكی جێگرەوە پێشكەش بە پەرلەمان بكات.

وەزیری كاروباری جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا (ستیڤن باڕكلی) بە پەرلەمانی وت، حكومەت دەیەوێت بەخێرایی بجوڵێت ئەگەر پلانەكەی مەی ڕۆژی سێشەممە شكستی هێنا.

 

 

ئـ . كـ