زیاتر لە سێ ملیۆن موسڵمان لەلایەن حکومەتی چینەوە دەستگیرکراون

14/01/2019 - 10:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی ئویغور لەلایەن حکومەتی چینەوە خراونەتە کەمپەکانی پەروەردەکردنەوە و، میدیاکانیش ئەو کەمپانەیان بە کەمپی جولەکەکان چوواندووە، کە لە سەدەی ڕابردوودا لەلایەن نازییەکانەوە زیندانی و کۆمەڵکوژ کران.

بەپێی زانیارییەکانی ڕادیۆی ئازادی ئاسیا، کە لەلایەن حکومەتى ئەمریکاوە پاڵپشتى دەکرێت، زیاتر لە سێ ملیۆن موسڵمانی ئۆیغور لە هەرێمی شینجیانگ بەبێ هیچ تۆمەتێک دەستگیرکراون و خراونەتە نێو کەمپەکانەوە و ناچار بە وتنەوەی دروشمەکانی حزبی کۆمیۆنیستی چین کراون.

لە ڕاپۆرتێکی کۆنگرێسی جیهانیی ئۆیغۆرەکاندا هاتووە: دەستگیرکراوەکان خواردنیان زۆر خراپە و ئەشکەنجە دەدرێن و ناچار بە خواردنی گۆشتی بەراز و خواردنەوەی ئەلکهول دەکرێن، لە مانگی ڕەمەزانیشدا ڕێگەیان پێنەدرا ڕۆژوو بگرن.

هەروەها کچان و ئافرەتانی موسڵمانی ئۆیغۆر ناچاردەکرێن، لەگەڵ کوڕان و پیاوانی گەلی هان، کە گەلێکی دەسەڵاتداری چینن، هاوسەرگیری بکەن.

بەشێک لە منداڵەکانی ئۆیغۆر دواى دەستگیرکردنى دایک و باوکیان، بێ سەرپەرشت دەبن یان دەبرێنە هەتیوخانەکانی چین و فێری دروشم و سرودەکانی حزبی کۆمیۆنیست دەکرێن.

 

ڕەنگاڵە