سوریای دیموكرات ناوچەیەكی لەژێر چنگی داعش دەرهێنا

16/01/2019 - 09:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنتڕۆڵی شارۆچكەی سوسەیان كردووە كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی سوریاوە و لەژێر دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكانی داعشدا دەریانهێناوەو ئێستا داعش تەنها ناوچەیەكی بچووكی لەژێردەستدا ماوە.

لە مانگی نۆدا هێزەكانی سوریای دیموكرات هێرشێكی دیكەیان كردە سەر موڵگەكانی گروپە چەكدارەكانی داعش لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دێرزور لەسەر سنووری عێراق و لەلایەن هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیەوە بە ڕابەرایەتی ئەمریكا پشتیوانیان لێكرا.

سەرەڕای ‌هێرشە پێچەوانەكانی داعش، هێزەكانی سوریای دیموكرات توانیویانە كۆنتڕۆڵی بەشێكی زۆری ناوچەكانی داعش بكەن.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا هێزەكانی سوریای دیموكرات توانیویانە كۆنتڕۆڵی تەواوی شارۆچكەی سوسەو دەوروبەری بكەن، وتیشی : ئێستا داعش تەنها شارۆچكەی باغۆز فۆقانی لەبەردەستدا ماوە لەگەڵ هەندێك بینای نیشتەجێبووندا كە ڕووبەرەكەیان دەگاتە نزیكەی (15) كیلۆمەتر چوارگۆشە.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ (ڕامی عەبدولرەحمان) وتی : هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنتڕۆڵی شارۆچكەكەیان كردووە دوای ئەوەی چەكدارانی داعش هەڵهاتوون.

عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەدا سوسە گەورەترین شارۆچكە بووە بەدەست داعشەوەو (120) چەكداری داعش خۆیانداوە بەدەستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە دوای مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە پێكدادانەكان بوونەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 1000 چەكداری ڕێكخراوی داعش و نزیكەی 600 چەكداری هێزەكانی سوریای دیموكرات و 360 هاوڵاتی مەدەنی.

 

 

ئـ . كـ