توركیا : نابێت سوپای سوریا بگەڕێتەوە مەنبەج

19/01/2019 - 08:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

توركیا رایگەیاند، نابێت حكومەتی سوریا بگەڕێتەوە شاری مەنبەج، ئەوەی لە ژێر كۆنترۆڵی ئەنجوومەنی سەربازی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتە.

(حامی ئاكسۆی) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە ئەنقەرە وتی : نابێت ڕێگە بە هێزەكانی یەپەگە بدرێت هەوڵبدەن ڕژێمی سوریا بهێننەوە مەنبەج.

وتیشی : ئامانج لە نەخشە ڕێگەی مەنبەجی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن ڕوونە، ئەویش هێزەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە بكشێنەوەو چەكەكانیان ڕادەستی ئەمریكیەكان بكەن و مەنبەج لەلایەن دانیشتوانەكەی حوكمڕانی بكرێت.

ئاكسۆی باسی لەوەش كرد كە نەهێشتنی یەپەگە لە مەنبەج بۆ توركیا بابەتێكە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیـیەوە هەیە.

پاشان وتیشی، چاوەڕوان ‌دەكرێت سیناتۆر لینزی گراهام لە بارەی سوریاوە وتووێژ بكات لەگەڵ هەریەك لە (ڕەجەب تەیب ئەردوگان) سەرۆكی توركیاو (مەولود چاوش‌ ئۆغڵۆ) وەزیری دەرەوەو (خەڵوسی ئاكار) وەزیری بەرگری.

جێگەی ئاماژەیە هێزكانی سوریای دیموكرات چەندین جار جەختیانكردۆتەوە، كە هێزی یەپەگە لە مەنبەج نەماون و تەنیا ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج كە لە دانیشتوانی ناوچەكە پـێكهاتووە كۆنترۆڵی ناوچەكەی لە ژێر دەستدایەو هەروەها ئەنجومەنێكی مەدەنی كارەكانی ناوچەكە بەڕێوەدەبات.

توركیا دەڵێت، زۆربەی دانیشتوانی مەنبەج عەرەبن، بۆیە نابێت هێزە كوردیـیەكان ئەو ناوچەیەیان لە ژێر دەستدابێت، خوازیاریشە هێزەكانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنقەرە كۆنترۆڵی تەواوی ناوچەكە بكەن بە پاڵپشتی هێزەكانی سەربازی خۆی.

 

 

ئـ . كـ