بەكشانەوەی ئەمریكا لەسوریا، بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن دەكەونە مەترسی

19/01/2019 - 09:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ژمارەیەك لە شارەزایان دەڵێن، كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا ڕەنگە ببێتە مایەی كۆتاییهێنان بەم ستراتیژییە نادیارەی وابەستەیی لەشكر كە پێ دەچێت زۆر لە بەرژەوەندییە ئاسایشییەكانی نیشتمانی بخاتە مەترسییەوە.

(مارك كاتز) پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی (جۆرج مەیسن) لە ڤێرجینیا و شارەزای كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیا دەڵێت، پێم وابێت كێشەكە ئەوەیە لە كاتێكدا كە بەشداریكردنمان شتەكان باشتر نەكەن، بەشداری نەكردنیشمان باشتریان ناكەن.

(دۆناڵد ترامپ) بە بڕیارەكەی مانگی (12) ی بۆ كشانەوەی نزیكەی دوو هەزار سەربازی ئەمریكا لە سوریا هاوپەیمانان و ڕاوێژكارانی تووشی سەرسوڕمان كرد.

بیانوی ترامپ بۆ كشانەوەی لەشكری ئەمریكا لە سوریا ئەوەیە كە داعش شكستی هێناوە یان هەر هیچ نەبێت هیچ ناوچەیەكی گەورەی سوریاو عێراق لە ژێردەستدا نەماوە، هەرچەندە هەفتەی رابردوو لە هێرشێكی كوشندەی داعشدا لە سوریا چوار ئەمریكی كوژران، دوو سەربازو دوو مەدەنی كە كاریان بۆ وەزارەتی بەرگری دەكرد. ئەم هێرشەش ئەوەی نیشاندا كە گروپە چەكدارەكانی داعش هێشتا چاڵاكە لە ناوچەكەدا.

جێگری سەرۆكی ئەمریكا (مایك پێنس) دووپاتی كردەوە، كە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا مانای ئەوە نییە ئەمریكا چیتر پەیوەندی نابێت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

پێنس لە وتارێكیدا بۆ دیبلۆماتان لە وەزارەتی دەرەوە وتی، ئێمە بەرگری لەو دەستكەوتانە دەكەین كە سەربازەكانمان و هاوپەیمانەكانمان بەدەستیان هێناوە، بەڵام ترامپ هەمیشە باسی لە خواستی خۆی بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕە بێ كۆتاییەكانی ئەمریكا كردووە.

ڕەخنەگران نیگەرانی ئەوەیان هەیە بڕیاری بەجێهێشتنی سوریا خاڵە گرنگەكانی ستراتیژی ئەمریكا بنكۆڵ دەكات بۆ ڕێگەگرن لە هەڕەشەی تیرۆر لە ناو وڵات، بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی دەسەڵاتی لەشكری ئێران لە ناوچەكەو بۆ بەرگریكردن لە ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریكا.

هێرشەكەی داعش ئەوە نیشان دەدات كە هێشتا چەكدارانی ئەو گروپە هەڕەشەن بۆ سەر سوریا، بەبێ بوونی لەشكری ئەمریكا لەوێ نیگەرانییەكی زۆر هەیە كە توندڕەوەكان خۆیان ڕێكبخەنەوەو هێرشە تیرۆرییەكانیان بگوازنەوە بۆ ناو ئەوروپاو ئەمریكا.

سیناتۆری بەناوبانگی كۆماری (لێندزی گراهام) لە وەڵامی هێرشەكەی ڕۆژی چوارشەممەدا وتی، نیگەرانی من لە ڕاگەیاندنەكانی ترامپ ئەمەیە كە هەستی هاندانی لای ئەو دوژمنە دروستكردووە كە شەڕیان دەكەین.

لە هەمانكاتدا ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایانی بواری ئاسایشی پێیان وایە وابەستەیی سنوورداری ئەمریكا لە سوریا هەوڵەكان بۆ بە تەواوەتی لەناوبردنی یاخیبوان لەناو دانیشتوانی مەدەنیدا بنكۆڵ دەكات.

(ئارۆن دەیڤد میلەر) بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوەندی ویدرۆ وێڵسن لە واشنتۆن دەڵێت، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی داعش لە ناو ببەین پێویستمان بە سوریایەكی نوێ هەیەو ئەمەش لە توانای ئێمە بەدەرە، ئێمە (200) ملیار دۆلار تەرخان ناكەین بۆ بونیاتنانەوەی سوریاو بێ گومان ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە هیچ شێوەیەك ئەم كارە ناكات.

بەرهەڵستانی ئەمریكا لە سوریا، ڕووسیاو ئێران و تەنانەت توركیای هاوپەیمانی ئەمریكاش لە هەوڵە لەشكرییەكانیان لە سوریا بەردەوام دەبن.

(بەشار ئەسەد) ی سەرۆكی سوریاو هاوپەیمانەكانیشی بە ئازادانە بەردەوام دەبن لە سەركوتكردنی دڕندانەی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو، توركیاش ڕەنگە ڕووبەڕووی شەڕڤانە كوردەكانی سوریا ببێتەوە كە پێی وایە هەوڵی بە دەستهێنانی دەوڵەتی كوردی دەدەن.

ترامپ لە تویتێكدا هەڕەشەی كرد كە ئابوری توركیا وێران دەكرێت ئەگەر هێرش بكاتە سەر كوردەكان.

بەڕێوەبەرایەتی ترامپ كەوتە ژێر ڕەخنەیەكی زۆر بۆ بەجێهێشتنی هاوپەیمانانی ئەمریكا لە سوریا، وەزیری پێشووی بەرگری (جێم ماتیس) لەسەر ئەو بڕیارە دەستیلەكار كێشایەوەو لە نامەیەكدا بۆ ترامپ ڕایگەیاند پلەو پایەی ئەمریكا لە جیهاندا بە هێشتنەوەی هاوپەیمانانی و بەڵێنەكانی دەمێنێتەوە.

ماتیس لە نامەكەدا نوسیبوی، ئێمە ناتوانین بەرژەوەندییەكانمان بپارێزێن و ئەو ڕۆڵە كاریگەرە بگێڕین بەبێ هێشتنەوەی هاوپەیمانانمان و نیشاندانی ڕێز بۆ ئەوانەی هاوپەیمانمانن.

كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورەش بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا بە زیادبوونی كاریگەری ئێران و گروپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكەدا، كە هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل.

 

 

ئـ . كـ