مەكگۆرك : ئەمریكا هیچ بەرنامەیەكی بۆ سوریا نییە

23/01/2019 - 09:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

برێت مەكگۆرگ، نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژی داعش، كە دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستی لەكار كێشایەوە، لە وتووێژێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (سی ئێن ئێن) ڕایگەیاند، ئەمریكا هیچ بەرنامەیەكی بۆ سوریا نییە.

برێت مەكگورگ، نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژی داعش، كە لە دژی بڕیاری ترامپ بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا دەستی لەكاركێشایەوە، لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە سوریادا، بۆ سی ئێن ئێنی ئەمریكی قسەیكرد.

مەكگۆرك وتی: ئەمریكا دوای چوونە دەرەوەی هێزەكانی لە سوریا بەرنامەیەكی بۆ سوریا نییە، ئەمە مەترسی بۆ هێزەكانمان دروست دەكات و ڕێگە دەكاتەوە دۆخەكە ئاڵۆزتر ببێت، كشانەوەی ئێمە هەڵومەرجی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی مەترسی دەكات و مەیدان بۆ داعش دەكاتەوە.

برێت مەكگۆرك، جەختی لەوە كردۆتەوە كە، توركیا بۆ ئەوەی جێگەی ئەمریكا بگرێتەوە هاوپەیمانێكی باوەڕپێكراو نییە، چونكە كشانەوە لەژێر فشار لە ناوچەیەكی شەڕ، یەكێك لە دژوارترین مانۆڕە سەربازیەكانە كە لە سەربازەكانمان داوای دەكەین.

مەكگۆرگ هەروەها لە وتارێكیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئاماژەی بەوە كردبوو كە توركیا توانای پێویستی سەربازی نییە تا ڕۆڵێك وەك ئەمریكا لە سوریا لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات، كە (دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی ئەمریكا وتبووی، ئەمریكا بەنیازە ڕۆڵ بداتە توركیا كە لە سوریادا شەڕی داعش بكات.

 

 

 

ئـ . كـ