سەرۆكی پەرلەمانی فەنزوێلا خۆی وەك سەرۆكی وڵات ناساند

24/01/2019 - 08:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ترامپ ڕایگەیاند، وڵاتەكەی داندەنێت بە سەرۆكی پەرلەمانی ڤەنزوێلا وەك سەرۆكی كاتی ئەو وڵاتە.

(خوان گوایدۆ) لەبەردەم هەزاران لە لایەنگرانی لە كاراكاسی پایتەخت فەنزوێلا وتی، بەرپـرسیارێتی ئەركەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكاری وڵاتەكەی لە ئەستۆ دەگرێت و بەوەش خۆی وەك سەرۆكی كاتی وڵاتەكە ڕاگەیاند.

لەگەڵ ئەوەش لەسەر تویتەرەكەی نووسیویەتی، جیهان چاوی لەسەر ڤەنزوێلایەو دەبێت كاربكەن بۆ ڕاگرتنی سەركوتكاری و پـێكهێنانی حكومەتی كاتی و هەڵبژاردنی ئازاد.

(دۆناڵد ترامپ) دەستبەجێ پشـتیوانی خۆی بۆ دەربڕی و لەسەر تویتەرەكەی نووسی، خەڵكی ڤەنزوێلا ماوەیەكی زۆرە بە دەست ڕژێمی مادورۆی ناشەرعیـیەوە دەناڵێنن، بڕیارمدا بە فەرمی دانبنێم بە خوان گوایدۆ وەك سەرۆكی كاتی ڤەنزوێلا.

ترامپ لە بەیانـنامەیەكیشدا كە لەسەر ماڵپەڕی كۆشكی سپی بڵاوكراوەتەوە، نووسیویەتی تەواوی توانا ئابوری و دیپـلۆماسیـیەكانی ئەمریكا بەكاردەهێنێت لە پـێناو گەڕاندنەوەی دیموكراسی بۆ ڤەنزوێلا، هانی وڵاتانیشیدا دانبنێن بە خوان گوایدۆ وەك سەرۆكی كاتی ڤەنزوێلا.

هاوكاتی ئەم پـێشهاتانە بە هەزاران كەس ڕژاونەتە سەر جادەكانی كەراكاس بۆ دەربڕینی پـشتیوانی بۆ خوان گوایدۆ.

 

 

ئـ . كـ