دوای ده‌ست له‌كاكێشانه‌وه‌ی شه‌وی رابردووی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، سه‌رۆك كۆمار ره‌تی كرده‌وه‌

26/02/2019 - 15:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

شەوی رابردوو، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و  كۆڵەكەی دیپلۆماسیەتی ئەو وڵاتە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی " ئینستاگرام"  ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئاژانسی" فارس نیوز"ی ئێرانی راگەیاند كە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی زەریف دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە لەلایەن گەورە لێپرسراوانی سەرۆكایەتی كۆمارەوە هەماهەنگی لەگەڵدا نەكراوە بۆ دیداری حەسەن رۆحانی و بەشار ئەسەد.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد لەم چەند مانگەی دواییدا لە چەند پرسێك و بڕیارێكدا ناكۆكی نێوان زەریف‌و  رۆحانی دەركەوتووەو هەندێكجار بەهۆی جیاوازی و ناكۆكی زۆرەوە لەگەڵ حەسەن رۆحانی، زەریف كۆبوونەوەكانی حكومەتی بەجێهێشتووە.

 سەرەراِی ئەو هۆكارەی سەرەوە باس لەوەشدەكرێت، بەهۆی كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كە زەریف ئەندازیاری بووە، زەریف لەلایەن باڵی پارێزگارەكانەوە گوشاری زۆری خراوەتەسەر و رووبەڕووی رەخنەی زۆربوەتەوە، بە تایبەتی دوای گەڕاندنەوەی سزاكانی ئەمریكا و خراپبوونی دۆخی ئابووری ئێران، ئەوەش زەریفی ناچاركردووە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت.

لایخۆشیه‌وه‌ "حەسەن رۆحانی" سەرۆك كۆماری ئێران، دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی رەتكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی شورای ئەو وڵاتە داوایانكرد دەستلەكاركێشانەوەكە پەسەندنەكات.