ئەمریكا : هێزەكانمان لە سوریا ناكێشینەوە

17/04/2019 - 09:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بەپێی ڕوانگەی ترامپ، هێزەكانی ئەو وڵاتە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوەو نایانەوێت بە تەواوەتی لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.

ئاژانسی ئیتارتاس بڵاویكردۆتەوە، (دێڤید ئێم. ساترفێڵد) جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، هێزەكانیان بۆ بەردەوام بوونیان لەئەركەكانیان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە.

ناوبروا لەم بارەیەوە رایگەیاندووە، (دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوەو بڕیار نییە هەموویان لەو وڵاتە بكشێنەوە.

(ساترفێلد) زیادی كرد: (جەیمز جێفری) نوێنەری تایبەتی ئەمریكا لە كاروباری سوریا كە خەریكی دانووستان لەگەڵ هێزەكانی دیموكراتی سوریاو بەرپرسانی توركیایە، هیوای زۆری هەیە بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە بەرژەوەندییە ئەمنیەتی و سنوورییەكانی توركیا دەستەبەر دەكات.

ناوبراو وتیشی، كە بوونی ئەمریكا لە سوریا بەستێن بۆ بەردەوام بوونی هەوڵەكان دژی داعش دروست دەكات.

ئەمە لە حاڵێكدایە كە پێشتر (واسیلی نبنزیا) نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوەكردبوویەوە، كە ئەو وڵاتانە بە شێوەی نارەوا لە سوریان، دەبێ هێزەكانی خۆیان لەو وڵاتە بكشێننەوە.

ناوبراو لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) وتی: ئێران و ڕووسیا لە سەر داوای حكومەتی سوریاو بە مەبەستی شەڕ دژی تیرۆر لە خاكی ئەو وڵاتەن.