سیناتۆرەكان هەوڵی راگرتنی فرۆشتنی چەك بە ئیمارات و سعودییە دەدەن

06/06/2019 - 09:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ژمارەیەك سیناتۆری كۆماری و دیموكرات لە ئەنجوومەنی سیناتی ئەمریكا ڕێكەوتن لەسەر هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی كۆمەڵێك گرێبەستی فرۆشتنی چەك بە عەرەبستانی سعودیـیەو ئیمارات، سەرەڕای ڕەزامەندی ترامپ لەسەر جێبەجێكردنی ئەو گرێبەستانە.

بەڕێوەبەرایەتی (دۆناڵد ترامپ) لە كۆتایی مانگی پـێنج دەسەڵاتەكانی خۆی بەكارهێنا لە خۆلادان لە وەرگرتنی مۆڵەتی كۆنگرێس بۆ جێبەجێكردنی (22) گرێبەستی فرۆشتنی چەك بە سعودیـیەو ئیمارات بە بەهای (8.1) ملیار دۆلار.

ژمارەیەك لە یاسادانەرانی ئەمریكا كە چەند یاسادانەرێكیشیان هاوپەیمانی نزیكی ترامپـن، نیگەرانی خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕیوە، دەڵێن : مەترسیان هەیە ئەو چەكانە لە دژی خەڵكی مەدەنی لە یەمەن بەكاربهێنرێن.

هەروەها هەندێكیان توڕەیی خۆیان نیشاندا لە بەرامبەر شازادە (موحەمەد بن سەلـمان) بەهۆی كوشتنی ڕۆژنامەوان (جەمال خاشقچی) لە كۆنسوڵخانەی سعودیـیە لە ئیستەنبۆڵ لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو.

حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی سینات، لەوانە سیناتۆری كۆماری (لینزی گراهام) كە زۆر نزیكی ترامپە، (22) پـرۆژە بڕیاریان ئامادەكردووە بە ئامانجی ڕاگرتنی تەواوی (22) گرێبەستەكە.

لینزی گراهام وتی: هەرچەندە لەوە تێدەگەم عەرەبستانی سعودیـیە هاوپەیمانێكی ستراتیژیـیە، بەڵام ناكرێت ڕفتارەكانی (موحەمەد بن سەلـمان) پشتگوێ بخەین.

ناكرێت وەها ڕەفتار بكەین وەك هیچ شتێك لەگەڵ سعودیـیەدا ڕووی نەدابێت، داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سینات كرد لە هەردوو پارتی كۆماری و دیموكرات پشتیوانی لە پـرۆژە بڕیارەكان بكەن.

سیناتۆر (بۆب مێنیندێزی) دیموكرات ئەویش لای خۆیەوە وتی: هەوڵەكانی بەڕێوەبەراتی ترامپ بۆ فرۆشتنی چەكی ئەمریكی بە ملیاران دۆلار بە سعودیـیەو ئیمارات، نموونەیەكی نوێـیە بۆ خواستی بەڕێوەبەرایەتی ئەمریكا لە خۆلادان لە كۆنگرێس و بە هەند وەرنەگرتنی مافەكانی مرۆڤ.

وتیشی : تەنانەت ئەگەر ئەو پـرۆژە بڕیارانە لە كۆنگرێسیش پەسەندبكرێن، ترامپ دەتوانێت ڤیتۆیان بكات، وە ناشكرێت ڤیتۆكەی ترامپ ڕابگیرێت مەگەر دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات دەنگ بدەن بۆ پـوچەڵكردنی ڤیتۆكە.

جێگەی ئاماژەیە ترامپ لە مانگی چوار پـرۆژە بڕیارێكی ڤیتۆ كرد كە داوای ڕاگرتنی پشتیوانی سەربازی ئەمریكای بۆ سعودیـیە دەكرد لە شەڕی یەمەن.