ئەمریكا : نایانەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران بكەن

17/06/2019 - 08:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی نایەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام هەموو ڕێوشوێنە پێویستەكان دەگرێتەبەر بە ڕێوشوێنی سیاسییشەوە تاوەكو گرەنتی ئازادی هاتوچۆی دەریایی دەستەبەر بكات لە ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەكانەوە كە هاتووچۆی بازرگانیان تێدایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گرژییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران زیادیانكرد، دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەكەی سەرۆكی ئەمریكا ئێرانیان تۆمەتبار كرد بە تۆمەتی هێرشكردنە سەر دوو كەشتی گواستنەوەی نەوت لە كەنداوی عومان، كە بە ڕێڕەوێكی دەریایی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەو كەشتیانەی كە نەوت دەگوازنەوە، لەلای خۆشیەوە ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردەوە.

لە لێدوانێكیدا بۆ بەرنامەی فۆكس نیوز سەندەی، (مایك پەمپیۆ) وتی: جەنگمان ناوێت، ئەوەی لەتواناماندا بووبێت كردوومانە بۆ ئەوەی ئەوە ڕوونەدات، دەبێت ئێرانییەكان بەباشی درك بەوە بكەن كە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی كە ئێران ناچار دەكەن ئەم جۆرە ڕەفتارانە ئەنجام نەدەن.

پەمپیۆ بەرگری لە هەڵوێستی بەڕێوبەرایەتییەكەی ئەمریكا كردو وتی: ئێران بەرپرسیارە لە هێرشەكان و بەڵگەی دیكە هەیە بێجگە لەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە هەفتەی ڕابردوو بڵاوكرانەوە، وتیشی: دەزگا هەواڵگرییەكانمان زانیاری زیاترو بەڵگەی زۆریان لایە، جیهان زۆرێك لەوانە دەبینێت.

بە هەمان شێوە سعودیەش وتی : ئێران بەرپرسە لە هێرشەكان و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد ڕێوشوێنێكی خێرا بگرنەبەر بۆ پاراستنی دابینكردنی ئەو سووتەمەنییەی كە لە كەنداوەوە دێت، تەنگەی هورموز بە ڕێڕەوێكی ئاوی گرنگ دادەنرێت كە نەوتێكی زۆری سعودیەو وڵاتانی دیكەی كەنداو بەوێدا تێپەڕ دەبێت.

پەمپیۆ وتیشی : ئەمریكا هەموو ڕێوشوێنە سیاسی و ناسیاسییەكان دەگرێتەبەر، ئەمەش تاوەكو ئازادی هاتوچۆی دەریایی بەو ڕێڕەوە ئاوییانەدا بپارێزێت، بەڵام هیچ وردەكارییەكی زیاتری نەدا، وتیشی : ئەمریكا بیر لە وەڵامدانەوەیەكی نێودەوڵەتی دەكاتەوەو لەگەڵ زۆرێك لە بەرپرسانی بیانیدا گفتوگۆی كردووە سەبارەت بەو بابەتە.

پەمپیۆ ئاماژەی بە چین و ژاپۆن و كۆریای باشوورو ئیندۆنیسیادا بەوەی كە ئەم وڵاتانە بەشێوەیەكی بەرچاو پشت بە ئازادی هاتوچۆی ئەو تەنگەیە دەبەستن، وتی : من دڵنیام ئەوان لەپاڵ ئێمەدا دەبن كاتێك كە درك بە مەترسییەكە دەكەن، مەترسی لەسەر ئابووری و گەلەكانیان و هەڵسوكەوتە خراپەكانی ئێران.