ئەردۆغان : نابێت لە سیستەمی سەرۆکایەتی بترسێن و بە زووترین کاتیش پێویستە ئەم سیستەمە بخرێتە بەردەم گەل بۆ پەسندکردنی

06/05/2016 - 22:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە رێورەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی شارەوانی ئەیوب و کۆمەڵە پرۆژەیەکی دیکەی لە شاری ئیستانبوڵ کرد.

ئەردۆغان لەو شوێنەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئەو تیرۆریستیانەی کەسانی بێ تاوان دەکوژن، سەریان دەبڕن، کوشت و بڕیان دەکەن و دەستدرێژییان دەکەنە سەر، گەورەترین دوژمنی ئیسلام و شارستانیەتی ئیسلامن. مسوڵمان، کەسێک نییە رووخێنەر بێت بەڵکو بنیاتنەرە، بكوژ نییە ژیانەرە، بەدوای رق و کینە نییە بەڵکو بە دوای خۆشەویستیی و موحیبەتەوەیە. بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە ئەفریقیا، باشووری ئاسیا، واتە ژمارەی دانیشتوانی ئەمڕۆ مسوڵمان لەو جوگرافیایانەدا کە زۆرینەن، بەھۆی فەتحکردنی خاکەکەوە نەبووە بەڵکو بەھۆی فەتحکردنی دڵەکانەوە بووە".

ئەردۆغان گوتیشی: " لەکاتێکدا لە سووریا ١٢ ملیۆن مرۆڤ زیانیان بەرکەوتووە و نزیکەی ٦٠٠ ھەزار مرۆڤی بێتاوان کوژراون، ھیچ مسوڵمانێک ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەمە بشارێتەوە. ئەوانەی ئێستا لەئاست پێشھاتەکانی بەنگلادیشدا بێدەنگن، لەم بەرپرسیاریەتییە رزگاریان نابێت. لەکاتێکدا تورکیا لەژێر ھەڕەشە و پەلاماری راستەوخۆی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئەو ھێزانەدایە کە پشتگیرییان دەکەن، یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، دەبێت بۆ ڤیزە، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگۆڕن. ئێوە بۆچی سەرەتا ئەوعەقڵەتان ناگۆڕن کە رێگە دەدات تیرۆریستان لەبەردەم پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا خێوەت ھەڵبدەن و كەچی رێگە دەدەن تیرۆریستان خێوەت ھەڵبدەن و دەڵێن ئەمە بەناوی دیموکراسییەوە ئەنجام دەدەین. ئێمە بۆ ڤیزە ئەو مەرجە جێبەجێ ناکەین، ببوورن، ئێمە بەڕێگەی خۆمان و ئێوەش بەڕێگەی خۆتان. ئەگەر لەگەڵ خۆتان رێککەوتن، لەگەڵ ئەوانیش رێک بکەون".

"سوپاسی بەرێز داودئۆغڵو دەکەم"
ئەردۆغان لەبارەی کۆنگرەی ئاک پارتی گوتی: "وەک دەزانن پارتی دەسەڵاتدار ئاک پارتی، بڕیاری داوە ٢٢ی ئایار کۆنگرە ببەستێت. بەڕێز سەرۆکوەزیران رایگەیاند کەوا لەو کۆنگرەیەدا خۆی کاندید ناکاتەوە. ھیوادارم خوای گەورە ھەم بڕیارەکەی کۆنگرەی ئاک پارتی، ھەمیش ئەو بریارەی بەڕێز سەرۆکی گشتیی پارتەکە بەپێی ٧٠مین ماددەی پەیڕەوی ناوخۆیی دەریکردووە و بۆ خۆ کاندید نەکردنەوەی ببێتە مایەی خێر. سەرەتا بەناوی خۆم و گەلەکەمەوە سوپاسی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەکەم بۆ ئەو خزمەتەی لە ماوەی نزیکەی ٢٠ مانگی سەرۆکایەتی وەزیراندا پێشکەشی کردووە. گەلەکەمان ھەرگیز کەسێک لەبیر ناکات کە خزمەتی ئەم وڵاتەی کردووە. لەو باوەڕەدام کە بەڕێز سەرۆکوەزیران بەو خزمەتەی پێشکەشی کردووە لە دڵی گەلەکەماندا شوێنی خۆی کردۆتەوە. منیش لە خزمەتی ئێوەدا سوپاسی بەڕێز داودئۆغڵو دەکەم کە پیشتر وەک راوێژکار، وەزیری دەرەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کارمان کرد، پاشان بۆ ماوەی ٢٠ مانگی کۆتایی وەک سەرۆکوەزیران ئەو پێکەوەبوونەمان بەرەوپێشبرد".

سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە ئەو کەسەی لە کۆنگرەی داھاتووی ئاکپارتی ھەڵدەبژێردرێت، دەبێتە جێگرەوی داودئۆغڵو. زیاتر گوتیشی: " ئەو کەسەی لە کۆنگرەی ٢٢ی ئایار ھەڵدەبژێردرێت، دەچێتە جێگای بەڕێز داودئۆغڵو. ئەوەی کە گرنگە، بەرپرسیارێتی ھەڵبگرین و بەرامبەر خوا و گەل ئەرکمان جێبەجێ بکەین. ھەر لە ئێستاوە پیرۆزبایی لەو ھاوڕێیەمان دەکەم کە لە کۆنگرەی داھاتوود ھەڵدەبژێردرێت".

ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە نابێت لە سیستەمی سەرۆکایەتی بترسێن و بە زووترین کاتیش پێویستە ئەم سیستەمە بخرێتە بەردەم گەل بۆ پەسندکردنی.


ئەردۆغان لەمبارەیەوە دەڵێت: " پێویستە بەھێزبین بۆ سەدان ملیۆن کەس و نەوەی داھاتوو کە ھیوایان بە تورکیا ھەیە. بۆ بەھێزبوونیش لە جیاتی ئەو سیستەمە پڕ قەیرانە، سیستەمێکی سەقامگیر و متمانەپێکراو بخەینە بەردەم گەل بۆ ئەوەی پەسندی بکات. هەر كەسێك پێشنیارێکی باشتری ھەیە با پێشکەشی بکات و پێکەوە گفتوگۆی لەسەر بکەین".

ئەردۆغان گوتیشی: "تورکیای ئەمڕۆ، وەک تورکیای بێ ئامانج و بێ مەبەستی پێشوو نییە. ئێستا ئامانج و نەخشە رێگای ٢٠٢٣ لە بەردەم تورکیایە. ئیتر گەل باش دەزانێت لە سایەی ئەو سەرکۆمارەی ھەڵیان بژاردووە، بۆشایی دەسەڵات لە کاتی رۆیشتنی ھەر حکوومەتێک یان ئەنجامدانی ھەڵبژاردن نایەتە ئاراوە، مەبەستی من لە باسکردنی سیستەمی سەرۆکایەتیش ئەمەیە. گەل سوودی لەم قۆناغە نوێیە بینیوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بە ھەموارکردنەوەی دەستوور بنەمای یاسایی بۆ ئامادە کراوە و لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی کرداری ھەنگاوی بۆ ھاوێژراوە، ئیتر گەڕانەوە نییە لەو خاڵەی پێیی گەیشتووین.لەم باوەڕەدام کە دەستووری نوێش بە پەسندکردنی گەل ئەم قۆناغە نوێیە بە دامەزراوەیی دەکات".

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە بەژەوەندی گەل بۆ ئەوان لە پێش ھەموو شتێکە و لەوبارەیەوە گوتی: " لەگەڵ ھەموو گۆڕانێکدا جۆش و خرۆش و داینامیکی نوێ دێتە ئاراوە. لەو باوەڕەدام ئەو گۆڕانکارییەی لە سەرۆکایەتی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا روو دەدات، دەبێتە خێر بۆ وڵاتەکەمان".

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی ١٣ ساڵە چاکسازی لە تورکیا دەکەن و گوتیشی: "ئەوانەی پێیان وایە گەلی تورکیا سەرۆکێک بۆ خۆی ھەڵنابژێرێت، ھەوڵی تێکدانی سیستمەکە دەدەن. ئێمە رێگە بەو تێگەیشتنە نادەین. تورکیا سەرباری ئەو تێگەیشتنانە، ١٣ ساڵە ریفۆرمی مێژوویی ئەنجام دەدات. پشت بەخوا دیسانەوە سەرباری ئەمانە، دەستووری نوێ و سیستمی سەرۆکایەتیش بەئەنجام دەگەیەنین. بژاردەی گەل و بەرژەوەندیی گەل، بۆ ئێمە لە پێش ھەموو شتێکەوەیە".