زانیاری لەبارەی چەوری جەستەی مرۆڤ

15/06/2016 - 08:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

 

توێژینەوە توێكاریی و فسیۆلۆجیەكان جەخت لەسەر ئەو راستیە دەكەنەوە، كە جەستەی مرۆڤ وەك جەستەی هەموو زیندەوەرە شیردەرەكانی تر، دوو جۆر چینی چەوری تێدا هەیە، چەوری سپی و چەوری قاوەیی.
چینی چەوری سپی راستەوخۆ لەژێر پێستدا كۆدەبێتەوە، بەتایبەت لە دواوەو لە ژێر پێستی هەردوو ڕان و سكدا، ئەم چەوریەش رێژەی (90%) ی چەوری لەش پێكدەهێنێت و رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە ئەمباركردنی وزە بۆ جەستەی ئادەمیزاد بۆ كاتی پێویست، بەڵام جۆری دووەمیان لە چینی چەوری قاوەیی بە زۆری لە جەستەی منداڵی تازە لەدایكبوودا هەیە، كە پاشان وردە وردە لەناو دەچێت لەگەڵ گەشەكردنی منداڵدا.
رێژەیەكی كەم لەم چەوریە لە جەستەی مرۆڤی پێگەیشتوودا هەیە، لە دەوروبەری بڕبڕەی پشت و ئۆرگانەكانی ناوەوەی جەستە، رۆڵێكی گرنگیش دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانی وزەدا، لەجیاتی ئەوەی ئەم وزەیە لە جەستەدا ئەمبار بكرێت.
بەهۆی ئەمەوە توێژەرەوەكان لەم ماوانەی دواییدا خەریكی لێكۆڵینەوەن لەبارەی جۆرە قاوەییەكەی ئەم چینە چەورییەو بە ئۆرگانێكی تازەی جەستەی مرۆڤی دەزانن.
دەشتواندرێت بەهۆی بەكارهێنانی ئەم چەوریەوە تێكڕای سووتاندنی وزەی لەش زیاد بكرێت، بۆ كەمكردنەوەی چەوری لەش و دابەزاندنی كێش، ئەمیش بە سوتاندنی ئەم وزەیەی بەهۆی ئەم چەوریە سپیەوە لە جەستەدا كۆكراوەتەوە.

 

ئـ . كـ