هۆكارەكانی نەخۆشییەكانی دڵ بزانە

01/07/2016 - 18:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

 

بە وتەی پزیشكان نەخۆشییەكانی دڵ لە كوردستان ڕووی لە زیادبوون كردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووانیش لە هەڵكشاندایە، پزیشكان بەشێكی ئەو هۆكارانە دەگەڕێننەوە بۆ گرژبوون و گیرانی خوێنبەرەكانی دڵ.
پزیشكانی شارەزا ڕوونیان كردۆتەوە كە چەند هۆكارێك هەن، دووچاری مرۆڤ دەبنەوەو ناتواندرێت هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردابهێندرێت كە بریتین لە :
1. تەمەن: مرۆڤ هەرچەندە بەساڵدا بڕوات دووچاری گیرانی خوێنبەرەكان و گرژبوونی دەمارەكانی دڵ دەبێت.
2. پیاوان زیاتر لە ئافرەتان دووچاری نەخۆشییەكانی دڵ دەبن.
3. هۆكاری بۆماوەیی كە ئەوەیش كاریگەری دەبێت.

لە بارەی ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆكاری گیرانی خوێنبەرەكان و تاڕادەیەك دەتواندرێت چارەسەرییان بكرێت پزیشكان بەم شێوەیە ڕوونیانكردۆتەوە كە بریتییە لە:
1. بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن.
2. جگەرەكێشان.
3. خواردنەوە بێهۆشكەرەكان (مەی).
4. قەڵەوی.
5. زۆر دانیشتن.
هاوكات ئەو هۆكارانە دەتواندرێت تا ڕادەیەكی لە (50%) چارەسەربكرێت و بنبڕ بكرێت و خۆمانی لێ بپاڕێزین.
لە بارەی خۆپارێزیمان پزیشكان دەڵێن، خۆپاراستن لە توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ بریتیە لە:
1. پاراستنی كێشی لەش و هێشتنەوەی لە ئاستێكی گونجاو، ئەگەر كەسێك باڵای (170) سەنتیمەتر بێت، پێویستە كێشی لە (70) كیلۆ زیاتر نەبێت.
2. ناوقەدی مرۆڤ، پێویستە لە پیاوان لە (102) سەنتیمەتر زیاتر نەبێت، لە ژنانیش لە (88) سەنتیمەتر زیاتر نەبێت، هەربۆیە زانایان ئەوەیان سەلـماندووە كە كەسانی ورگن، قەڵەو، ئەوانە زیاتر تووشی نەخۆشی دڵ دەبن.
3. دوركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، ئەوانەی كە تاكو ئێستا جگەرەیان نەكێشاوە با بەهیچ شێوەیەك دەست نەكەن بە جگەرەكێشان، ئەوانەیشی دەیكێشن با هەوڵ بدەن دوور بكەونەوە لێی و واز بهێنن لێی.
4. زۆر خواردنی سەوزەو میوە، بەتایبەتی ئەوانە كە تازەن، چونكە ئەوانە مادەی دژە ئۆكسانیان تێدایە، كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی توشبوون بە گرژبوون و گیرانی خوێنبەرەكانی دڵ.
5. وەرزشكردنی ڕۆژانەی بەردەوام، گرنگە هەموو مرۆڤێك ڕۆژانە زیاتر لە نیو كاتژمێر وەرزش بكات، یانیش لە هەفتەیەكدا پێنج جار وەرزش ئەنجام بدات، ئەگەریش وەرزش ئەنجام نەدرا ئەوا پێویستە لە جوڵەكانی ڕۆژانەدا خێرایی بكەین بۆ نموونە سەركەوتن بەسەر پلیكانەدا دەبێت بە خێرایی بەسەر بكەوین و چوست و چاڵاك بین.
6. نابێت زۆر دانیشین، بەهۆی ئەوەی ئێستا كاركردن بەدیار تەكنەلۆژیاوەیەو خەڵكێكی زۆر ئۆتۆمبێل بەكاردەهێنن و بەدیار تەلەفزێۆن و ئینتەرنێتەوە دادەنیشن، مەترسییەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵیان لێرە زیاتر بەدەردەكەوێت.

 

ئـ . كـ