ئەم كەسانە هێلكە مەخۆن

01/07/2016 - 19:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

هێلكە خۆراكێكی تەواو و تەندروستییانەیە، هێلكە بە خۆراكێكی تەواو دەژمێردرێت، چونكە گەلێك مادەی خۆراكی گرنگی تێدایە وەكو ڤیتامین A و ڤیتامین B و ڤیتامین D، كانزای ئاسن، كالسیۆم، فۆسفۆر، كەمێك زینك و یۆد. 

هێلكە سەرچاوەیەكی باشی پرۆتینە، هێلكەیەكی قەبارە مام ناوەندی نزیكەی 7 گرام پرۆتینی تێدایە، پرۆتینی هێلكە لەو جۆرە پرۆتینانەیە كە هەرسكردنی ئاسانە، كەواتە خواردنی هێلكە رۆژانە پێویستە، تەنها دوو گروپی خەڵك پارێزیان لە خواردنی زەردێنەی هێلكە هەیە، ئەوانەی كە هەستەوەرییان بە هێلكە هەیە، هەروەها ئەو كەسانەی كە پارێزیان هەیە لە كۆلیستیرۆل وەكو نەخۆشانی دڵ و شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
ئەوانەی كە ئەم نەخۆشییە درێژخایەنانەیان هەیە دەتوانن هەفتانە تەنها دوو زەردێنەی هێلكە بخۆن، ماوەی هەرسكردنی پرۆتینی هێلكە دەگۆڕێت بە گوێرەی شێوەی ئامادەكردنی هێلكە بۆ خواردن، بۆ نموونە لەكاتی سووركردنەوەی هێلكە لەناو رۆن یان زەیتی رووەكیدا، ئەوا پرۆتینەكە نزیكەی سێ كاتژمێری پێویست دەبێت تاكو بە تەواوی هەرس بكرێت، كەچی لە كاتی كوڵاندنی هێلكەدا، ئەوا بۆ هەرسكردنی پرۆتینەكەی تەنها یەك كاتژمێر و نیو بۆ هەرسكردن پێویستە.
هێلكە نزیكەی 75 كالۆری وزەی تێدایە كە دابەش بووە بەسەر 15 كالۆری لە سپێنەداو 60 كالۆری لە زەردێنەی هێلكەدا، هەروەها یەك زەردێنەی هێلكە نزیكەی 200 میللیگرام كۆلیستیرۆل چەوری لەخۆدەگرێ.
هێلكەی كوڵاو خۆراكێكی تەواو و گونجاوە بۆ منداڵ و گەورەو پیرەكان، چونكە جوین و هەرسكردنی زۆر ئاسانەو بەهایەكی خۆراكی بەرزیشی هەیە، وا باشە كە هێلكە بە تەواوی هەردوو زەردێنەو سپێنەكەی كوڵابێت.

 

ئـ . كـ