قەڵەوبوونی كۆرپەلە باش نییە

08/07/2016 - 09:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

شارەزایانی تەندروستی هۆشداری دەدەن كۆرپەلەی قەڵەو ئەوە ناگەیەنێت منداڵێكی تەندروست دەبێت، بەڵكو ئەوان ترسیان لێدەكرێت كاتێك كە گەورە بوون زۆر قەڵەو بن.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست راپۆرتێكی ئەكادیمیای نیشتمانی زانستی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا داوا لە باوان و دكتۆرو هەروەها ئەوانەی خزمەتی تەندروستی پێشكەش بە منداڵان دەكەن كار بكەن بۆ یارمەتیدان لە پێشگرتن لەوەی كۆرپەلەو منداڵان قەڵەو نەبن.
(لێن برچ) بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوە لەسەر قەڵەوی منداڵان لە زانكۆی (پەنسلڤانیا ستەیت) رایگەیاند، زۆر بیركرنەوە هەن كە باوەڕپێكراون كە دەڵێن كۆرپەلەی قەڵەو مانای منداڵی تەندروست دەگەیەنێت.
ناوبراو كە سەپەرشتی ئەو پانێڵەشی دەكرد كە ڕاپۆرتەكەی بڵاوكردۆتەوە دەڵێت : لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو بەڵگە هەن كە كۆرپەلەی قەڵەو، یاخود قەڵەوبوون بە شێوەیەكی خێرا دەبێتە هۆی ئەوەی كاتێك گەورە دەبن زیاتر قەڵەو ببن.
لە راپۆرتەكە هاتووە نزیكەی (10%) منداڵانی ئەمریكایی تاكو تەمەنی دوو ساڵ زۆر قەڵەون.
ڕاپۆرتەكەی ئەو ئەكادیمیایە رێنمایی ئەوە دەكات كە ماوەی تەماشاكردنی تەلەفزیۆن و یاری ڤیدیۆیی و هەروەها یاری تری ئینتەرنێت بۆ مندڵان سنوورداربكرێت.
هەروەها دڵنیا بكر‌ێت منداڵان وەرزش بكەن و باش دەخەون و خۆراكی تەندروستیش دەخۆن.