ڕێگەكانی چارەی خەمۆكی ‌

08/08/2016 - 09:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

تەنیایی و لاوازی و بێهێزی و بێ سۆزیی لەپیریدا هۆكارێكن بۆ ئەوەی مرۆڤی بەتەمەن تووشی نەخۆشی خەمۆكی و دڵناسكی بێت.

بێگومان هەموومان رۆژێك قۆناغی گەنجێتی تێپەر دەكەین و دەچینە دوایین قۆناغی ژیان كە قۆناغی پیرییە، ئەو قۆناغە بۆ هەندێك لەمرۆڤەكان قۆناغێكی ناخۆشەو بێزاركەرە، بۆ هەندێكیش قۆناغێكی ئاساییە لەژیانی مرۆڤداو بە ئامێزێكی كراوەوە پێشوازی لێدەكەن.
خانەنشینی و وازهێنان لەئیش و كارو نەبوونی هێزو توانا لەتەمەنی پیریدا كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر تووشبوونی مرۆڤ بەخەمۆكی و ئەو نەخۆشییەش زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی كە كەسی تووشبوو ورەی خۆی لەدەستبدات و پێگەو پایەو پلەی كۆمەڵایەتی خۆی تاڕادەیەك دابەزێت و لەهەندێ شوێن و زەمەندا هەست بەبەرپرسیارێتی نەكات.
هۆكارەكانی تووشبوون بە خەمۆكی :
تەنیایی: بەڕای پزیشكان و شارەزایانی دەروونی ئەو كەسانەی كە لەپیریدا تەنیا دەمێنەوەو لەسۆزی هاوسەرو منداڵان بێبەری دەبن زیاتر تووشی خەمۆكی دەبن، لەئێستا دوو لەسەر سێ بەساڵاچووانی ئەڵمانیا تەنیان و تووشی خەمۆكی بوون، ئەوەی لێرەدا جێی مەترسییە بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان (٤٠%) ئەو كەسانەی كە لەجیهاندا خۆیان دەكوژن تەمەنیان لەسەروی ٦٥ ساڵیداو زۆربەیان تەنیان و خەمۆكن.
نائومێدی: بێخەوی و زۆرجاریش خەوی زۆر، بێزاری، بێتاقەتی، گۆشەگیری، سەرئێشەو سنگ ئێشە، قەبزی، تێرنەخواردن، زۆرجاریش زۆرخواردن، لەدەستدانی مەیل و حەزو هەست بەتایبەتی حەزی سێكسی، لەدەستدانی متمانە بەخۆ نەبوون، لەدەستدانی توانای بیركردنەوەو بڕیاردان، گریان و فرمێسك رشتن، هەست بەگوناە و تاوانكردن بەبێئەوەی هیچ شتێكی كردبێت، بیركردنەوەی لەخۆكوشتن و چەندین نیشانەیتر كە دەرخەری خەمۆكین بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هۆكارەكانی خەمۆكی یەك و دووان نین هەندێك لەهۆكارەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشییە جەستەییەكان و هەندێكیان بۆ نارێكوپێكی هۆرمۆنەكان و بەشێكیشی دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنان دەرمان و حەب و چارەسەرەكان، هەڵبەتە هۆكاری كۆمەڵایەتیش كاریگەریی خۆی هەیەو ئەوەش چۆنێتی ژیان و بنەماڵەو بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و بەكارهێنان ماددە كهولییەكان و توڕبوون و هەرەسهێنان لەئیشوكارو هاوسەری و مردنی ئازیزان و كەسوكاری نزیك وەك باوك و دایك و براو خوشك و منداڵ، گۆڕینی شوێنی ژیان، لەشارێك بۆ شارێكی تر یان لەوڵاتێك بۆ وڵاتی تر ، نەزۆكی و خانەنشینی و ….. هتد.

چارەسەركردنی خەمۆكی

* پرس و راوێژكردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان لەبارەی نەخۆشییەكە.
* وەزرش كردن.
* خۆ بە دوورگرتن لەجگەرەو ماددە كهولییەكان.
* سەیركردنی فیلمی كۆمێدی و پێكەنیناوی.
* گەشتكردن و سەیران كردن.
* بەشداریكردن لەكارە هەرەوەرزییەكان.
* بەشداریكردن لەچاڵاكییە خێرخوازییەكان.
* خوێندنەوەی كتێب و رۆژنامەو گۆڤارەكان.

 

ئـ . كـ