دۆمبەلان بۆ كەسێك زۆر باشە

22/08/2016 - 11:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

 

دۆمبەلان لەجیهانی زیندەوەردا بە كەڕوو دادەنرێت، لەناوچە بیابان و دەشت و بانە لـماویەكان زۆرە، زیاتر لە (30) جۆری هەیە، لەژێر زەوی گەشەدەكات وەكو پەتاتە گرۆییە، هەیانە رووكاری لووسە هەشە گڕنی گڕنیە، رەنگی لە نێوان بۆرو قاوەیی دایە جار هەیە قاوەییەكەی تۆخە، بروسكەی پایزی زۆر گرنگە بۆ دۆمبەلان، لەدوای باران بارینی بەهاران پەیدا دەبێت، لەشوێنی خۆی زەویەكە شەق دەبات لە قولی (5 – 15) سەنتیمەتر دەتوانێت بیدۆزیتەوە، لە بیابان زیاتر لە دەوری رووەكێك شین دەبێت.
لەدەوری هەر ڕووەكێك لەنێوان (10 – 20) دانە دەروێن، كە لەوانەیە قەبارەیان لە نێوان دەنكە زەیتونێك هەتا پرتەقاڵێك ببێت، لەبەر ئەوەی بۆنی دۆمبەلان خۆشە بۆیە مێروو و بەتایبەتی باڵەفرەكان بەدەوریدا دەفڕن، مانای وایە نیشانەی بوونی دۆمبەلانە.
دۆمبەلان بەسروشتی شین دەبێت، زۆر بەسوودە بۆ مرۆڤ لەبەرئەوەی (9%) پێكهاتەكەی پرۆتینەو (13%) كاربۆهیدراتەو (1%) ی چەوریەو ئەوانی تری كالسیۆم و پۆتاسیۆم و فسفۆرو سۆدیۆمەو لەگەڵ بوونی ڤیتامینی (B1) و (B2) ی تێدایە بۆیە خەڵك پاكی دەكەنەوەو لە ناو رۆن دەیكوڵێنن، یاخود وەكو گۆشت لەسەر برنج دادەنرێت یان سووردەكرێتەوە لەناو رۆن، بۆ زۆر نەخۆشی بەكاردێت بەتایبەتی ئاوەكەی لەناو چاو دەكرێت بۆ تراخۆما، هەروەها لەگەڵ خواردنی دۆمبەلان باش نیە ئاوی سارد بخورێت، چونكە زیان بە گەدە دەگەیەنێت، دەشلێن ئەگەر كەسێك دۆمبەلانی خواردبێت و لەو كاتە مار یان دووپشك پێی وەبدات لەوانەیە بمرێت.

 

ئـ . كـ