چەوەندەر بۆ كێ‌ باشە ؟؟

26/08/2016 - 07:29 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

توێژینەوەیەكی نوێی پزیشكی ئەوەی دەرخستووە، كە گیراوەی چەوەندەر سودێكی زۆری بۆ مرۆڤ هەیەو دەبێتە هۆی باشتر چوونی خوێن بۆ مێشك و بەرگری كردن لە نەخۆشی بیرچوونەوەو لاوازی مێشك لە پیریدا.

توێژەران ئاماژەیان بەوەداوە، كە لە پێكهاتەی چەوەندەردا رێژەیەكی زۆر لە مادەی (نیترات) هەیەو دەگۆڕێت بۆ (نیتریت) كە ئەمەش یارمەتی دەرە بۆ زیاتر پارێزگاری كردن لە مولولە خوێنەكان لەلەش و یارمەتی دەرێكی زۆر باشی ئۆكسجینە بۆ ئەوەی وەك پێویست بگات بە نێو خوێن.
چێژە شیرینەكەی چەوەندەر یان (سڵقە سوور) بۆ رێژە بەرزەكەی شەكر دەگەڕێتەوە، چەوندەر لە هەموو سەوزەواتەكان زیاتر شەكری تێدایە، هەر بۆیەشە كە ماددەیەكی خامی گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی شەكری ئاسایی.
بەكوڵاندن یان بە تورشی، چەوەندەر سوودی تەندروستی زۆری هەیە، چونكە جگە لە شەكر پێكهاتووی خۆراكی سوودبەخشی تێدایە كە گرنگن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ، سەقەتییە زگماكییەكانی كۆرپە، هەندێك جۆری شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن، بیتاسایانین ئەو ماددەیەی كە رەنگە سوورەكەی بە چەوەندەر بەخشیوە، فاكتەرێكی بەهێزە دژی شێرپەنجە.
ریشاڵی خۆراكی ناو چەوەندەر، بەپێی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی چڕوپڕەوە بەرگری لەش بەهێز دەكات دژی شێرپەنجەی گەدەو شێرپەنجەی كۆڵۆن.
خواردنی چەوەندەر بە رێژەیەكی باش ئاستی كۆلیسترۆڵی خراپ لە خوێندا دادەبەزێنێت و ئاستی كۆلیسترۆڵی باش بەرزدەكاتەوە، بەم شێوەیە رێگە دەگرێت لە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان و تووشبوون بە نەخۆشی دڵ.
ماددەیەكی تریش لە چەوەندەردایە بە ناوی بیتایین كە دژی هەوكردن لە لەشدا كاردەكات، چەوەندەر بڕێكی باشی لە كۆمەڵەی ڤیتامین B و فۆلێتی تێدایە كە زۆر گرنگن بۆ گەشەی دروستی شانەكانی كۆرپەو پاراستنی لە سەقەتە زگماكییەكان لەكاتی دووگیانیدا.

 

ئـ . كـ