ئەم هەنگوینە زۆر نەخۆشی چارە دەكات

27/06/2019 - 09:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

هەنگوینی مانوكای نیوزلەندی بەچارەسەرێكی باش دادەنرێت بۆ زۆربەی نەخۆشییەكان، چونكە بە دژە میكرۆبێكی زۆر باش دادەنرێت.

توێژینەوەیەكی نوێی زانایانی نیوزلەندی ئەوەی سەلـماندووە كە هەنگوینی مانوكا لەگەڵ ئەوەی بە چارەسەرێكی باش دادەنرێت بۆ زۆربەی نەخۆشییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەندێك لە نەخۆشەكان بەبێ ڕاوێژی پزیشك بە كارینەهێنن.

هەنگوینی مانوكا چییە ؟؟

ئەم هەنگوینە جۆرە هەنگێكی نیوزلەندی و ئوسترالی بەرهەمی دەهێنن كە لە سەر هەڵاڵەی گوڵی (دارچا) كە پێشی دەوترێت (دەوەنی مانوكا) دەژین.

تایبەتمەندی ئەو هەنگوینە ئەوەیە كە ڕەنگێكی قاوەیی تۆخی هەیەو تامێكی تایبەتی هەیەو بەوەش لە هەنگوینی سروشتی دیكە جیا دەكرێتەوە كە بڕێكی زۆری ماددەی (میتیل گلیۆكسال) ی تێدایە كە چڕییەكەی 100 هێندەی چڕی هەمان ماددەیە لە هەنگوینی دیكەداو كاریگەری زۆری هەیە ئەگەر وەك دژە بەكتریا بەكار بهێنرێت، هەروەها هەزاران ساڵە بۆ چارەسەری پزیشكی بەكاردەهێنرێت.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوە نوێیەی زانایانی نیوزلەندییش هەنگوینی مانوكا دەتوانێت بۆ لە ناوبردنی بەكتریاو وەك دژە میكرۆب بۆ هەندێك برین بەكار بهێنرێت و چارەسەرێكی زۆر باشیشە بۆ ئەوانەی تووشی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسەدان بوون.

هەر لەوچوارچێوەیەدا ئەو زانایانە چەندین تاقیكردنەوەیان كردووە سەبارەت بە سوودەكانی ئەو جۆرە هەنگوینە لە چارەسەركردنی هەوكردنی سییەكان و كۆئەندامی هەناسەدان.

بەپێی ئەو توێژینەوەیە كە ئەنجامەكەی لەپێگەی (ساینس دەیلی) دا بڵاوكراوەتەوە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە هەوكردنێكی بەكتریاییان چاندووە كە هاوشێوەی ئەوەیە كەتووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبێت پاشان بە هەنگوینی مانوكا چارەسەریان كردووە ، دواتر دەركەوتووە بە ڕێژەی (39%) كاریگەر بووە لە كوشتنی بەكتریاكەدا لەكاتێكدا كوشتنی بەكتریای ئەو جۆرە نەخۆشییانە بەدژە بەكتریا ئاساییەكان تەنها (29%) بووەو ئەوەشیان بۆ ئاشكرا بووە كە ئەگەر ئەو هەنگوینەو دژە بەكتریاكان پێكەوە بەكار بهێنرێت ڕێژەی چاكبووەنەوەكە دەبێتەلا(90%).

هاوكاتیش زاناكان سەرقاڵی توێژینەوەن لەبارەی ئەوەی كارێك بكەن ئەو جۆرە هەنگوینە وەك دەرمانێك بەكاربهێنرێت بۆ چارەسەركردنی ئەوانەی تووشی هەوكردنی گورچیلەكانیان دەبن.

پاككەرەوەی پێست .. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا دەتوانرێت هەنگوین وەك رێگەچارەیەك بەكاربهێنرێت بۆ پاككردنەوەی پێست دوور لە دەرمانەكانی دیكە كە زۆر گرانبەهان، چونكە زۆر كاریگەرە بۆ كوشتنی بەكتریاكانی سەر پێست و نەرمی دەكاتەوەو زۆرتریش بۆ ئەو كەسانە باشە كە پێستیان وشكەو زۆر زیپكە دەردەكەن.

زانایان لەو توێژینەوەیەشیاندا ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە ئەو هەنگوینە بۆ پاكژكردنەوەو سارێژبونەوەی برینەكان زۆر كەڵكی هەیەو هێوركەرەوەیەكی باشیشە بۆ ئازارەكانی كاتی هەڵامەت گرتن و سەرمابوونێكی زۆر، چونكە سیستەمی بەرگری چاڵاك و بە هێز دەكات، یەكێكە لەدەرمانە باشەكانیش بۆ چارەسەركردنی هەوكردنی میزەڵدان.

چاودێرانی تەندروستیش ئاماژە بەوە دەدەن كە بەم دواییە ئەو هەنگوینەی نازناوی (چارەسەری جادوویی) لێنراوەو ئەمەش وایكردووە خواست لەسەری بە شێوەیەك زۆر بووە نرخەكەی بەرز بۆتەوە بە ڕادەیەك نرخی یەك قووتووی ئەو هەنگوینە كە قەبارەكەی بە ئەندازەكەی كوپێكی بچووكی قاوە خواردنەوەیە گەیشتۆتە 100 یۆرۆ.

ئەمانە هەمووی لە كاتێكدایە پێگەی (گیزوندهایت) ی ئەڵمانی لەزاری چەند ناوەندێكی تەندروستیەوە ڕایگەیاندووە زۆر بە كارهێنانی ئەو هەنگوینە كاریگەری لاوەكی خۆی هەیەو پێویستە هەندێك نەخۆش بێ ڕاوێژكردن بە پزیشك بەكاری نەهێنن، بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشییەكانی شەكرەیان هەیە بە هەردوو جۆری یەكەم و دووەم و ئەوانەش نابێت بەكاری بهێنن كە برینی درێژخایەنیان هەیە، چونكە بەرزی ڕێژەی ماددەی (میتیل گلیۆكسال) تێیدا وا دەكات ئازاری برینەكە زیاتر بێت لە بری ئەوەی كەمبێتەوە.

كەشتی نووح